له هه‌رێمى كوردستان 15ى نيسان هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێده‌كات
ئه‌و بڕياره بووه جێى نيگهرانيى و ناڕه‌زايى رێكخراوه‌كانى گه‌رميان
K24 – هه‌ولێر:
كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆيى هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق بڕياريدا، له هه‌رێمى كوردستان، رۆژى 15ى نيسان هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات.
پێشتر كۆميسيۆن، رۆژى 14ى نيسانى وه‌ك ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن دهستنيشانكردبوو، به‌ڵام ئه‌و بڕياره بووه جێى نيگهرانيى و ناڕه‌زايى رێكخراوه‌كانى گه‌رميان.
رۆژى 14ى نيسان له هه‌رێمى كوردستان وه‌ك رۆژى ئه‌نفال و جينۆسايدى كورد ده‌ستنيشانكراوه.
رێكخراوه‌كانى گه‌رميان له به‌ياننامه‌يه‌كدا كه كوردستان24 بڵاويكرده‌وه، داوايانكرد، كۆميسيۆن واده‌ى ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه نه‌خاته رۆژى ئه‌نفاله‌وه و دواتر ئه‌ندامى كۆميسيۆنه‌كه سه‌عد كاكه‌يى به نووسراوێكى ره‌سمى داواكه‌ى گهيانده كۆميسيۆن.
ئه‌مڕۆ كۆميسيۆن بڕياريدا له هه‌رێمى كوردستان رۆژى 15ى نيسان وه‌ك ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ستنيشان بكرێت و له شاره‌كانى ديكه‌ى عێراق رۆژى 14ى نيسان ده‌ست به هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه ده‌كرێت.
بڕياره پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له عێراقدا رۆژى 12ى ئايار/ مايۆى 2018 به‌ڕێوه‌بچێت.
ئ.ر