كیلینی باسی یارییه‌كه‌ی ریال مه‌درید و شێوازی راگرتنی كریستیانۆ ده‌كات
لێدوانه‌كانی به ترسه‌وه ده‌رده‌بڕێت
.jpg)
جۆرجیۆ كیلینی به‌رگریكاری یوڤێنتۆس پێش ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و له دژی ریال مه‌درید بۆچوونی خۆی له باره‌ی یارییه‌كه راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وان نایانه‌وێت به هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی كریستیانۆ رابگرن.
جۆرجیۆ كیلینی له لێدوانێكدا كه له پێگه‌ی تێلێگرافی بریتانیا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: ئێمه شكستی 10 مانگ له‌مه‌وبه‌رمان به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید له بیركردووه كاتێك له فایناڵی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی رابردوو له كاردیف تووشی شكستێكی گه‌وره هاتین.
كلینی ده‌شڵێت: ئێمه بیر له تۆڵه‌كردنه‌وه ناكه‌ینه‌وه و هه‌ڵ بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی ئه‌م وه‌رزه ده‌ده‌ین، به‌ڵام یانه‌كانی ریال مه‌درید، بارسێلۆنا و بایرن میونشن به به‌ربه‌ستی خۆمان ده‌زانین.
كیلینی له به‌رسیڤێكدا له باره‌ی وه‌ستاندنی كریستیانۆ ده‌ڵێت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌وه ناكه‌ینه‌وه كه به ته‌نیا كار بۆ راگرتنی كریستیانۆ بكه‌ین، ئێمه ده‌مانه‌وێت به كۆمه‌ڵ ئه‌و كاره بكه‌ین.
كیلینی گوتیشی: ئێمه به‌رامبه‌ر تیپێك یاری ده‌كه‌ین كه خاوه‌نی باشترین به‌رگریكار و هێرشبه‌ری جیهانه كه پێكهاتوون له رامۆس و كریستیانۆ، به‌ڵام مێژووی ئێمه‌ش پڕیه‌تی له‌ده‌ستكه‌وت و كاری مه‌حاڵ و قورس.
یوڤێنتۆس له كاتژمێر 9:45 خوله‌كی ئه‌مشه‌و له یاریگه‌ی ئالیانز ستادیۆم میوانداری ریال مه‌درید ده‌كات، دواینجار كه ریال مه‌درید له تۆرینۆی ئیتاڵیا بۆته میوانی یوڤێ له 2015 بوو كاتێك یارییه‌كه‌ی به ئه‌نجامی (2 ـ 1) به خانمه‌پیره‌كه دۆڕاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵی هانده‌رانی ریال مه‌دریدی خۆشكردووه بوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆیه كه هه‌ركاتێك ئه‌و یاریزانه له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید رووبه‌ڕووی یوڤێنتۆس بۆته‌وه به‌بێ هه‌ژاندنی تۆڕی یوڤی نه‌هاتۆته ده‌ره‌وه و تا ئێستا ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه 7 گۆڵی كردووه.