فوئاد مەعسووم: دیداری نھێنی لەنێوان ھەولێر و بەغدا ئەنجام دەدرێن
"پەیوەندییەكانی ھەردوولا بەرەو رێچكەی ئاسایی بوونەوە دەچن"
K24 - ھەولێر
سەرۆككۆماری عێراق ئاشكرای دەكات دیداری نھێنی لەنێوان ھەولێر و بەغدا لەئارادان و پەیوەندییەكانی ھەردوولا بەرەو رێچكەی ئاسایی بوونەوە دەچن.
فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق، لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن، ئاماژە بەوە دەكات: "پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا گەڕاونەتەوە رێچكەی ئاسایی و دیداری نھێنیش دوور لە چاوی میدیا لەنێوان ھەردوولا لە ئارادان".
دەشڵێت: "شاندی ھەردوولا سەردانی یەكتر دەكەن و ھەریەك لە ھەولێر و بەغداش پێویستیان بە یەكتر ھەیە، نە ھەرێمی كوردستان دەتوانێت دەستبەرداری عێراق بێت و نە عێراقیش دەتوانێت ئەو كارە بكات، بەرژەوەندی ھاوبەش بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە".
فوئاد مەعسووم ئەوەش دەخاتەڕوو: "بەغدا بڕێك پارەی بۆ مووچەی پەروەردە و تەندروستی ناردووە و ئەوەش ھەنگاوێكی باشە".
سەرۆككۆماری عێراق ھەڕەشەكانی توركیا بۆسەر شنگال رەتدەكاتەوە و دەڵێ: "ناكرێت دوای كشانەوەی پەكەكە لە شارەكە توركیا بێتە نێو خاكی عێراقەوە".
ھێماش بۆ ئەوە دەكات: "ترس لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە شنگال ھەیە".
ئەوە لەكاتێكدایە دوای چەندین دیدارو كۆبوونەوە، ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەستیان بە گفتوگۆكردووە و لە كۆتایی مانگی رابردووش حكوومەتی عێراق بڕێك پارەی وەك مووچەی فەرمانبەران رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد.
ھ.م