ھێزێكی دیكەی ئەمریكا گەیشتە منبج
ههسهده: وهڵامی ههڕهشهكانی توركیا بۆ سهر منبج دهدهینهوه
K24 - منبج
ئهنجوومهنی سهربازی منبج ئاشكرای دەكات، ھێزێكی نوێی ئەمریكا لە منبج جێگیر دەبێت، ئێستا بەشێكیان گەیشتوون و بنكە و بارەگایان دامەزراندووە و چاوەڕێن كاروانی دووەمی ھێزەكەی ئەمریكا بگات، فەرماندەكانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە ئەوان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێكی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەكە.
شیار گهردی، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا ھێزێكی دیكەی ئەمریكا ھاتووەتە منبج، كاروانی یەكەم گەیشتووە و بنكە و بارەگای نوێیان لە منبج دامەزراندووە، چاوەڕێین كاروانی دووەمی ھێزەكانی ئەمریكا بگەنە منبج".
گوتیشی: "ئێستا ئێمە لە ھێڵی دووەمی بەرگریداین ئەو چەكانەی لە سەنگەرەكان ھەن لەگەڵ ھێزەكانی ئەمریكا پێكەوە كاری لەسەر دەكەین و لەسەریان رادەھێندرێین".
ھەر لەسەر ئەم پرسە، خهلیل مستهفا، فەرماندەی بەرەی ساجوور لە منبج بە كوردستان24 گوت: "ئەو ھێزانەی كە ئێستا ھاتوونەتە منبج، جگە لە ئەمریكییەكان سەربازی فەرەنسی و بەریتانیش ھەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش دایە".
شارۆچكەی منبج دەكەوێتە نێوان شاری عەفرین و كۆبانێ لە باكووری سووریا، لە ساڵی 2016 لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بە پشتیوانی ھاوپەیمانان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرا.
دوای داگیركردنی عەفرین لە 18 ئازاری ئەمساڵ، توركیا ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر منبج دەكات و داوای لە ئەمریكا كردووە كە ھێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە بكشێننەوە، ئەگەرنا ھاوشێوەی عەفرین ئۆپەراسیۆن بۆسەر منبج دەست پێدەكەن.
ھ.م