سكاڵایه‌كی یه‌ك ملیار دیناری له‌سه‌ر عه‌لی حه‌مه ساڵح تۆمار ده‌كرێت
داوا پێشكەش بە دادگا كراوە
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی سكاڵایه‌ك كە لەلایەن پارێزەری بریكاری نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك ئاراستەی دادگای بەرایی ھەولێر كراوە، لەبەرامبەر "تەشھیرپێكردن و ناوزڕاندنی"، وه‌ك قه‌ره‌بوو، داوای یەك ملیار دینار لە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان دەكات.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، عەلی حەمە ساڵح، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵساوە بە "ناوزڕاندن و تەشھیركردن" بە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و "زیانی بە پێگەی وەزیفی و كۆمەڵایەتی و سیاسی گەیاندووە".
لە داواكەی پارێزەری نەجمەدین كەریم ھاتووە: "داوا لە دادگا دەكەم داوالێكراو بانگێشت بكرێت و دادبینی و بڕیارتان بە پابەندكردنی بە دانانی قەرەبووی یەك ملیار دینار".
عەلی حەمە ساڵح، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه، نووسیویەتی: "به تۆمه‌تی ناوزڕاندن پارێزگاری که‌رکووك داوای ملیارێك دینارم لێده‌کات. ده‌چمه به‌رده‌م دادگا‌و هه‌موو به‌ڵگه‌کانم ده‌به‌م، به‌هیوای یاسا سه‌روه‌ری".

پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندبوو: "زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری پارەی پڕۆژەكانی كەركووك خەرج نەكراوە و لە ژمارە حسابی پارێزگاردایە لە بانكی كوردستانی ئەھلی، له رێگای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی و بانکی ناوه‌ندی کارم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کردووه‌و ده‌شگه‌ڕێته‌وه".
ھ.م