سه‌رۆك بارزانی و سه‌لیم جبووری پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشە نوێیەكان تاوتوێ ده‌كه‌ن

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی و سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشە و پێشهاتە سیاسییە نوێیەكان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كردووه‌ و ڕۆشناییان خستووه‌ته‌ سەر ئەو تەحەدییاتەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیدان‌ و لە قۆناغی داهاتوو دێنە كایەوە.

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 8ـ/4/ 2018 سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاندووه‌و بەبۆنەی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی هاوخه‌می خۆی ده‌ربڕیوه‌.  جەختیشی لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو كردووه‌ته‌وه‌ لە بەدیهێنانی سەقامگیری و پەنادانی خەڵكی لێقەوماو و ئاوارەكاندا.

هەر لەو دیدارەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.

ئه‌مڕۆ سەلیم جبوری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24یشی رایگەیاند: "سەركردەكانی ھەرێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگەریان لە سەقامگیری عێراق و بونیاتنانی دیموكراسی بینیوە. ئەگەر لە رابردوودا كێشەیەك ھەبووبێت، پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت".

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق گووتی: "لە راستیدا سەردانەکەمان بۆ سەرەخۆشیکردن بووە لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک بارزانی، بەڵام باسی چەند دۆسیەکی گرنگی بارودۆخی ئێستاشمان کرد کە بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، ئێمە هەڵبژاردنمان لە پێشە، ئێمە وا هەست دەکەین کە هەرێمی کوردستان وەک گەل و سەرکردە رۆڵێکی باشیان لە سەقامگیری عێراق و بونیادنانی دیموکراتی و تێپەڕاندنی کێشەکانی هەیە، ئەگەر لە رابردوودا کێشەیەک هەبووبێت گفتوگۆ تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی و دەشتواندرێت كێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەو رێگەیەوە چارەسەر بکرێن".

Fly Erbil Advertisment