فه‌ره‌نسا: ئه‌گه‌ر هێرشی كیمیایی له سووریا پشتڕاست كرایه‌وه رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ینه ئامانجی هێرشه‌كانمان
پاریس داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی هێرشی كیمیایی له سووریا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
جان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، ئه‌و راپۆرتانه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر هێرشی كیمیایی رژێمی سووریا بۆ سه‌ر شاری دۆما ده‌كه‌نه‌وه، جێگای نیگه‌رانین و داوای له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد، هه‌رچی زووه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و هێرشانه ئه‌نجام بدات.
لۆدریان گوتی، فه‌ره‌نسا به هه‌موو هێزێكه‌وه ئه‌و هێرش و بۆردومانانه شه‌رمه‌زار ده‌كات، كه هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا كردۆته سه‌ر شاری دۆما له غووته‌ی رۆژهه‌ڵات و گوتیشی: "ئه‌مه پێشێلكردنێكی مه‌ترسیداری یاسای مرۆیی نێوده‌وڵه‌تییه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرته میدیاییانه ده‌كات، كه ئاماژه به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه ده‌كه‌ن.
لۆدریان گوتی، پاریس به هه‌موو به‌رپرسیارێتی خۆی كار له‌سه‌ر رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه و نه‌هێشتنی چه‌كی كیمیایی ده‌كات و ئاماژه‌ی به هۆشداریه‌كه‌ی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی كرد، كه رایگه‌یاندبوو، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی كیمیایی كوشنده، فه‌ره‌نسا به تاكلایه‌نانه حكوومه‌تی سووریا ده‌كاته ئامانجی هێرشه‌كانی.
پێشتریش له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ له سووریا كرد، ده‌ستبه‌جێ شه‌ڕ بوه‌ستێنن و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دوای بێده‌نگییه‌كی رێژه‌یی له ناوچه‌كه، له 36 كاتژمێری رابردوودا، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه، كه جه‌خت له‌سه‌ر هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر دۆما ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌هۆیانه‌وه چه‌ندین كه‌سی سڤیل گیانیان له‌ده‌ستداوه، ژێرخانی ئه‌و شاره وێران بووه و ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ش كراونه‌ته ئامانج، وێڕای تۆپبارانی دیمه‌شقی پایته‌خت و كوژرانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی له‌و شاره.
H.B