له ئه‌گه‌رى بۆردومانكردنى سووريادا رووسيا هۆشدارى ده‌داته ئه‌مريكا
وڵاتانى رۆژئاوا و ئه‌وروپا، جارێكيديكه حكومه‌تى سووريايان به ئه‌نجامدانى هێرشى كيميايى بۆ سه‌ر (دوما) له غوته‌ى رۆژهه‌ڵات تۆمه‌تبار كرد
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا، هۆشدارى دايه ئه‌مريكا له ئه‌گه‌رى هێرش و بۆردومانكردنى سووريا له‌سه‌ر بنه‌ماى "زانيارى چه‌واشه‌كراو".
وڵاتانى رۆژئاوا و ئه‌وروپا، جارێكيديكه حكومه‌تى سووريايان به ئه‌نجامدانى هێرشى كيميايى بۆ سه‌ر (دوما) له غوته‌ى رۆژهه‌ڵات تۆمه‌تبار كرد، كه به هۆيه‌وه زياتر له (150) هاووڵاتى سوورى گيانيان له‌ده‌ستدا و به ده‌يانى ديكه بريندار بوون.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا رايگه‌ياند، "پێويسته ئه‌وانه‌ى حكومه‌تى سووريا به بۆردومانى كيميايى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌ڵگه‌ى بڕواپێكراو بخه‌نه‌ڕوو".
له به‌ياننامه‌كه‌دا، وه‌زاره‌ته‌كه هۆشداريشى دا له "ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌ره‌كى و ئه‌گه‌رى هێرشى سه‌ربازى و بۆردومانكردنى سووريا" له لايه‌ن ئه‌مريكاوه، له‌سه‌ر بنه‌ماى زانيارى و هه‌واڵى "هه‌ڵبه‌ستراو" وه‌ك ئه‌وه‌ى له به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه.
هه‌روه‌ها هاتووه: "بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى بۆردومانكردنى (دوما) به چه‌كى كيميايى له كاتێكدايه كه هێزه‌كانى سوپاى سووريا له غوته‌ى رۆژهه‌ڵات سه‌رقاڵى رزگاركردنى هاووڵاتيانن له چنگى تيرۆريستان و گرووپه چه‌كدارييه‌كان، كه خه‌ڵكى مه‌ده‌نييان كردبووه قه‌ڵغان بۆ پاراستنى خۆيان".
له به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌وانه‌ى نايانه‌وێت، مۆڵگه‌ى تيرۆريستان له سووريا هه‌ڵته‌كێنين و چاره‌سه‌رێكى سياسى بۆ قه‌يرانه‌كه بێته ئاراوه، به هه‌موو رێگه‌يه‌ك هه‌وڵى له‌باربردنى هه‌وڵه‌كان و درووستكردنى ئاسته‌نگ ده‌ده‌ن".
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه، سه‌نته‌رى ئاشته‌وايى رووسيا و حكومه‌تى سووريا هه‌موو هه‌وڵێكيان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى رێڕه‌وێكى مرۆيى بكه‌نه‌وه و گيانى مه‌ده‌نييه‌كان رزگار بكه‌ن.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ر