رۆحانی هه‌ڕه‌شه له تره‌مپ ده‌كات
رۆحانی: ئه‌مریكا بكشێته‌وه زۆر په‌شیمان ده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 9/4/2018، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆككۆماری ئێران رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆی له‌گه‌ڵ ئێران بكشێته‌وه، ئێران وه‌ڵامی ده‌بێت و زۆر به‌ھێزتره له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات و په‌شیمان ده‌بنه‌وه".
له گوتارێكدا كه ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌و له رێوڕه‌سمی "رۆژی نیشتمانی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی" پێشكه‌شیكرد، رۆحانی گووتی: "ئێران رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی پێشێل نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له ریككه‌وتننامه‌كه بكشێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه په‌شیمان ده‌بێته‌وه، چونكه وه‌ڵامدانه‌وه‌مان زۆر به‌ھێزتره له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كه‌ن و له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كیشدا ئه‌وه ده‌بینن".
سه‌رۆككۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پیشه‌سازی ئه‌تۆمی ئێران به توانا و وردبینییه‌وه ده‌جووڵێت و زۆر هه‌ستیارتر له دوێنێ حیسابی بۆ كراوه‌و جووڵه‌ی ئه‌تۆمیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاونه‌بووه‌ته‌وه".
رۆحانی گووتی: "به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تواناكانمان له‌و بواره‌دا، واتای هه‌ڕه‌شه و ده‌ستدرێژی نییه بۆ سه‌ر كه‌س، به‌ڵام ئێران سه‌لماندوویه‌تی توانای دانووستان و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی جیهان هه‌یه".
قسه‌كانی رۆحانی له كاتێكدایه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه یان به‌ته‌واوه‌تی گۆڕینی رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه له‌گه‌ڵ ئیران‌دا ده‌كات و بڕیاره مانگی داهاتوو تره‌مپ قسه‌ی نوێ له‌سه‌ر كشانه‌وه یان درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه بكات.