هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆر به ئاگاداری واشنتۆن ئه‌نجامدراوه
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا: ته‌ل ئه‌ڤیڤ پێشوه‌خته واشنتۆنی له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆر ئاگادار كردۆته‌وه
K24- هه‌ولێر:
میدیا ئه‌مه‌ریكی و ئیسرائیلییه‌كان دووپاتیانكرده‌وه، ئه‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆریان له رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای حمس بۆردومان كردووه، فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی بوون.
دوو به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكی به تۆڕی میدیایی "ئێن بی سی" هه‌واڵی ئه‌مه‌ریكایان راگه‌یاندووه: "سوپای ئیسرائیل بوو هێرشی كرده سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی سه‌ربازی له سووریا".
ئه‌و دوو به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه، كه ئاماژه به ناویان نه‌كراوه، دووپاتیان كردۆته‌وه، "ئیسرائیل ئه‌مه‌ریكای له‌و هێرشه ئاگادار كردۆته‌وه كه دواجار ئه‌نجامیدا"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئیسرائیل له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پله باڵای ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، "ته‌ل ئه‌ڤیڤ پێشوه‌خته واشنتۆنی له‌و هێرشه ئاسمانییه ئاگادار كردۆته‌وه، كه كردییه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆر له سووریا".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل چه‌ند هێرشێكیان كرده سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆر له رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای حمس له سووریا و، به‌و هۆیه‌وه 14 سه‌رباز كوژران، كه به‌گوێره‌ی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، له‌ناو كوژراوه‌كاندا 4 پاسداری ئێرانی هه‌ن.
H.B