رۆحانی دڵنیایی ده‌داته دراوسێكانی
سه‌رۆككۆماری ئێران: ئه‌وه‌نده‌ی پێویستمانه چه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنین

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 18/4/2018 حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆككۆماری ئێران رایگه‌یاند: "ئێران به‌نیاز نییه ھێرش بكاته سه‌ر دراوسێكانی، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بین له به‌رهه‌مهێنانی هه‌موو جۆره چه‌كێك كه بۆ به‌رگریكردن له خۆمان پێویستمانه".
رۆحانی كه به‌بۆنه‌ی رۆژی سوپای ئێران له تارانه‌وه گوتاری پێشكه‌ش ده‌كرد، رووی قسه‌كانی له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد و گووتی: "ده‌مانه‌وێت دراوسێیه‌كی باش بین و ئێوه‌ش دراوسێیه‌كی باشبن بۆ ئێمه، نیازی ھێرشكردنه سه‌ر كه‌سمان نییه و ئێران پێویستی به‌وه نییه ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر هیچ وڵاتێكی دیكه".
سه‌رۆككۆماری ئێران گووتی: "ئێران ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌یه و خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی زۆر و زه‌وه‌ندی داهاته، ئێران ده‌ستدرێژی ناكاته سه‌ر دراوسێكانی یان وڵاتانی ناوچه‌كه".
وه‌ك هه‌میشه ئێران، ئه‌مریكا و سعوودیه و وڵاتانی رۆژئاوا به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی ناوچه‌كه ده‌زانێ و ده‌ڵێت: "به‌هۆی سیاسه‌تی ئیمپریالیزمی ئه‌وان و پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل ئه‌و ره‌وشه‌یان خوڵقاندووه" له كاتێكدا ئه‌مریكا و رۆژئاوا و سعوودیه ئێران به سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و تیرۆر له ناوچه‌كه ده‌زانن. به‌ڵام حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌ڵێت: "به جیهان ده‌ڵێین، ئه‌وه‌نده‌ی پێویستمانه چه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنین و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی دۆستانه و برایانه‌مان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان هه‌بێت و پێیان ده‌ڵێم: چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و فڕۆكه و مووشه‌كه‌كانمان ئاراسته‌ی ئێوه ناكرێن و ته‌نها قهڵغانێكن بۆ خۆپارێزی".