لە سلێمانی 150 ھەزار كارتی دەنگدان وەرنەگیراوەتەوە

كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان داوا لە ھاووڵاتییان دەكات كارتەكانیان وەرگرنەوە

K24 - سلێمانی

هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 33 بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان کراوەتەوە. زیاتر لە 450 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەشکراون و 150 هەزار کارتیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرنەگیراوەتەوە".

روونیكردەوە: "10 بنكەی دەنگدان بۆ ئەو ئاوارانە دیاركراون كە لە ناوخۆیان لە بایۆمەتری كردووە، ھەروەھا 20 بنكەی دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی كە بەھۆی دۆخی ئەمنی راگوێزراون و 3 بنكەی دیكەی دەنگدانیش بۆ ئەو ئاوارانە كراونەتەوە كە لە كەمپەكان نیشتەجێن".

بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق راشیگەیاند: "داوا لە ھاووڵاتییان دەكەین بێن كارتی دەنگدانیان وەرگرنەوە. ھەروەھا ئەو هاووڵاتییانەی کارتی  دەنگدانیان نییە، دەتوانن بە کارتی دەنگدانی ساڵی 2014 دەنگبدەن".

ھ.م