پەرلەمان میوانداریی زەیدی دەکات

پەرلەمانی عێراق لەبارەی گرانبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دینار، میوانداریی سەرۆکوەزیران دەکات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو، پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی دەکات. 

دووبەردانی ئاماژە بەوەش کرد، پەرلەمان لەسەر بابەتی گرانبوونی دۆلار، بانگهێشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی فیدراڵ کردووە و بڕیارە هەمووان لە دانیشتنەکەدا ئامادەببن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە. 

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد، حکوومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بەبێ رەزامەندیی پەرلەمان بەهای دۆلاری ئەمریکییان بەرزکردووەتەوە و ئەمە بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. 


هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەرلەمانتاران زۆر لەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق نیگەرانن، چونکە بەبێ راوێژی ئەوان بووە. جەختیشی کردەوە، بڕیارەکە نرخی هەموو کاڵاکان لەسەرتاسەری وڵات بەرز دەکاتەوە و باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر دەبێت.