حه‌شدی شه‌عبی رووبه‌ڕووی عه‌بادی ده‌بێته‌وه
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به هێزێكی گه‌وره ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شه‌قام
K24 - هه‌ولێر:
ليژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی خۆپیشاندانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، پێكهێنانی تیمیكی پارێزه‌رانی بۆ تۆماركردنی سكاڵا له دژی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راگه‌یاند.
ئه‌و لیژنه‌یه به سایتی "كنوز میدیا"ـی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی راگه‌یاندووه، "دوای بزووتنه‌وه حه‌شداوییه جه‌ماوه‌رییه گه‌وره‌كه‌مان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه بۆ حكوومه‌تی عێراقیمان دیاری كردووه، بڕيار بوو سبه‌ى هه‌ينى خۆپيشاندان ئه‌نجام بده‌ين، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك بڕیارماندا خۆپیشاندانه‌كه‌مان دوا بخه‌ین".
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا هاتووه، "هۆكاری یه‌كه‌می پاشه‌گه‌زبوونه‌وه‌مان له‌و بڕیاره، بۆ پابه‌ندبوونمان به بڕیاری مه‌رجه‌عی باڵا له نه‌جه‌ف ده‌گه‌ڕێته‌وه، هاوكات په‌یوه‌ندیمان به ژماره‌یه‌ك بریكاری مه‌رجه‌عه شیعه‌كانه‌وه كردووه، دڵنیاییان به ئێمه داوه كه داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كرێن، هه‌روه‌ها به‌هۆی هاوكاتیبوونی خۆپیشاندانه‌كانمان له‌گه‌ڵ گوتاری تایبه‌تی مه‌رجه‌ع به هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئاڵۆزنه‌بوونی دۆخه‌كه له‌و ماوه كورته‌ی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بڕیاری دواخستنی سازكردنی خۆپیشاندانه‌كانمانداوه".
لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی خۆپیشاندانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "هۆكاری دووه‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێمه تیمێكی گه‌وره‌ی پارێزه‌رانمان پێكهێناوه، بۆئه‌وه‌ی سكاڵای ئێمه له دژی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له دادگای فیدراڵ به‌رز بكه‌نه‌وه, به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌بادی به به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی بڕیاری په‌رله‌مان و فه‌رمانی دیوانیی تایبه‌ت به ئیمتیازاته‌كانی حه‌شد دواده‌خات".
له به‌یاننامه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه، "دواخستنی خۆپیشاندانه‌كان بۆ مه‌به‌ستی به‌لاوه‌نانی هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی هه‌ڵبژاردنه‌كانه له‌و خۆپیشاندانه و، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆخۆی نه‌قۆزێته‌وه".
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌دا دووپاتكراوه‌ته‌وه، "دوای هه‌لبژاردنه‌كان به هێزێكی گه‌وره ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شه‌قام، ئێمه رۆڵه‌ی مه‌رجه‌عین و بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواكارییه‌كانی چه‌كدارانمان له‌هیچ شتێك سڵ ناكه‌ینه‌وه و پێشتریش تاقیكردنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌بووه و هیوادارین وانه‌یه‌كتان لێ وه‌رگرتبێت", ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ره‌شه‌یه‌ك له حه‌یده‌ر عه‌بادی و حكوومه‌ته‌كه‌ی.
H.B