ویستی سێڵفیه‌ك له‌گه‌ڵ ورچێك بگرێت به‌ڵام ورچه‌كه ئه‌وی كوشت
هیچ كه‌سێك نه‌وێرا به‌هانای قوربانییه‌كه‌وه بچن.. په‌یوه‌ندییان به كرێكارانی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه كرد به‌ڵام تاگه‌یشتن كار له‌كار ترازابوو
K24- هه‌ولێر:
شوفێری ئۆتۆمۆبیلێكی نه‌فه‌رهه‌ڵگر له وڵاتی هندستان هه‌وڵیدا وێنه له‌گه‌ڵ ورچێكی بریندار له جۆری "ورچی ته‌مه‌ڵ" له لێواری رێگه‌دا بگرێت، به‌ڵام نه‌یزانی ئه‌مه دوایین جاره له ژیانی، كه بتونێت هه‌وڵ بدات وێنه بگرێت.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئۆدیسا سه‌ن تایمز"ـی هندی، رووداوه‌كه له‌كاتێكدا بووه، كه شۆفێره‌كه له‌گه‌ڵ نه‌فه‌ره‌كانی له‌ڕێگه‌دابوون، كاتێك له ئاهه‌نگێكی هاوسه‌رگیری له ویلایه‌تی ئۆریسای رۆژهه‌ڵات له هندستان ده‌گه‌ڕانه‌وه، شۆفێره‌كه چاوی به ورچێكی بریندار كه‌وت كه له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كه بوو و ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی راگرت و هه‌وڵیدا وێنه‌یه‌كی سێڵفی له‌گه‌ڵیدا بگرێت.
كاتێك لێی نزیك بووه‌وه، ورچه‌كه په‌لاماری شۆفێره‌كه‌یدا و خستییه سه‌ر زه‌وی و كوشتی، هیچ كه‌سێكیش له نه‌فه‌ره‌كان نه‌وێران بۆ رزگاركردنی شۆفێره‌كه له ورچه‌كه نزیك ببنه‌وه، ته‌نیا یه‌كێكیان به‌ردێكی له ورچه‌كه گرت، ئه‌مه‌ش ورچه‌كه‌ی زیاتر تووڕه‌كرد، بۆیه ناچار بوون په‌یوه‌ندی به كرێكارانی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ئه‌وان گه‌یشتن كار له‌كار ترازابوو.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جار نییه، ورچ له هندستان په‌لاماری خه‌ڵكی بدات، له ساڵی 2015ـه‌ش، له ویلایه‌تی ئیتارسی، ماوه‌یه‌ك ورچێك ده‌هاته سه‌ر رێگای خه‌ڵك و ته‌نگی بێ هه‌ڵچنیبوون، دواجار له‌كاتی په‌لاماردانی هاووڵاتییه‌ك، خه‌ڵكێكی زۆر به‌هانای ئه‌و هاووڵاتییه‌وه چوون و به موعجیزه رزگاریان كرد و ورچه‌كه‌شیان كوشت.
H.B