شنگالییهكان باوهڕ به بهڵێنی لیستە عەرەبییەكان ناكهن
"ئەوان ھۆكاربوون كە ئەو كارەساتە بەسەر شنگال ھات"
K24 - دھۆك
قەوارە و لیستە عەرەبییەكان، بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ لە شنگال چەندین بەڵێنی گەورە بە خەڵك دەدەن، یەكێك لە بەڵێنەكان ئاوەدانكردنەوەی شنگالە، بەڵام خەڵكی شارۆچكەكە رایدەگەیەنن، كە باوەڕیان بە بەڵێنەكانی كاندید و لیستە عەرەبییەكان نییە.
عیدو دوگری، یەكێكە لە ئاوارەكانی شنگال بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیچ باوەڕمان بە لیستە عەرەبییەكان نییە، چونكە ھەر ئەوانە بوون كە لە رابردوودا دەستدرێژیان كردووەتە سەر دایك و خوشك و گەنجەكانی ئێمە، بۆیە بە ھیچ شێویەك پشتیوانی لە لیستەكانیان ناكەین".
ئاوارەیەكی دیكەی شنگال بەناوی ئلیاس جاسم، دەڵێ: "ئەو كارەساتەی لە ساڵی 2014 لە لایەن داعش بەسەر خەڵكی شنگال ھات، ھیچ لایەنێكی عەرەب ھاوكاری خەڵكی ئێمەی نەكردل، جگە لە زیان ئێمە ھیچ سوودمان لەوان نەبینیووە".
ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی شنگال ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لیستە عەرەبییەكان وادەزانن كە دەتوانن بە درووشمەكانیان متمانەی خەڵكی شنگال بە دەست دێنن، بەڵام خەڵكی شنگال ئەوەیان لەبیرناچێت كە بە بڕیاری ئەوان كارەسات و كاولكاری بەسەر شنگال ھێندراوە.
مەحموود ئوسمان، یەكێكە لە رۆشنبیرەكانی شنگال بە كوردستان24 گوت: "ئەوانەی ئێستا لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەڵێن، شنگال ئاوەدان دەكەینەوە، ھەر ئەوانە ھۆكاری سەرەكی بوون كە داعش شنگالی داگیر و وێرانكرد، ئەگەر حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق وازمان لێ بێنن و لە شنگال بكشێنەوە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن لە رێگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، شنگال ئاوەدان دەكەینەوە".
ھەروەھا نایف شنگال، كەسایەتی شنگال دەڵێت: "ئەگەر عەرەبەكان ئەو كارەساتەیان بەسەر ئێمە نەھێنابایە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو شتێكی بۆ شنگال دەكرد، ئەو بەڵێنانەی ئێستا دەیدەن بانگەشەی ھەڵبژاردنە و تەنھا بۆ كۆكردنەوەی دەنگە لە ناوچەی شنگال و باوەڕمان بەو بەڵێنانە نییە".
ھ.م