سەفین دزەیی: ناكرێت پێگەی ھەرێمی كوردستان نادیدە بگیرێت
"پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی جیھان وەك جارانی لێهاتووەتەوە"
K24 - ھەولێر
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ وڵاتانی جیھان كەوتووتەوە سەر رێچكەی ئاسایی جاران. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بەو پێگە سیاسییەی كە ھەرێمی كوردستان ھەیەتی لە ناوچاكە، ناكرێت نادیدە بگیرێت.
سەفین دزەیی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەرێمی كوردستان كوردستان لەناوچەكە پێگەی خۆی ھەیە، دەكرێ بڵێین كە دیپلۆماسیەتی كورد سەركەوتوو بووە و ئێستا پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیھان وەك جارانی لێھاتووەتەوە و شاندی باڵای وڵاتان لە ئاستی جیاجیا سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن بەبێ ئەوەی ھیچ گرفتیكیان ھەبێت، بە پێچەوانەوەش شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتانی دیكە دەكەن، راستە ماوەیەكی كەم لێكترازان ھەبووە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ جیھان گەیشتووەتەوە ئاستی پێشوو، ئومێد دەكەین لە داھاتوودا باشتربێت".
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان جێگە و پێگەی سیاسیی دەستووری ھەیە و ناكرێت نادیدە بگیرێت، ھەم لە سیاسەتی رۆژانەی عێراق كە ئێستا بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، لەكاتی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ھەرێمی كوردستان جێی خۆی دەبێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".
ھ.م