لە شنگال حەشدی شەعبی رێگری لە تیمی كوردستان24 دەكات
پەیامنێری كوردستان24 : ھەموو رێكارە یاساییەكانمان گرتۆتەبەر
K24 - دھۆك
پەیامنێری کوردستان24 لە شنگال رایگەیاند: "ئەمڕۆ بۆ رووماڵی بەرێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەرەو ئەو بنکەیە چووین كە لە شنگال بۆمان دیاركرابوو تا رووماڵی پرۆسەكە بكەین، بەڵام لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان پێنەداین كە رووماڵی پرۆسەكە بكەین".
گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگەیان بە چەند كەناڵێكی عەرەبیداوە رووماڵی پرۆسەی دەنگدان بكەین".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "پێش وەخت لەلایەن كۆمسیۆن وەك میدیاكارانی دیكە باجی رووماڵكردنمان بۆكراوە و ھیچ گرفتێكمان نیە بەدەربێت لە یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆن، بەڵكو لەلایەن كۆمسیۆن بنكەیەك دیاركرابوو كە رووماڵی دەنگدانەكە بكەین، پێش چوونیشمان بۆ بنكەكە پەیوەندی بە كۆمسیۆن كراوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شنگال داوایان لە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق كرد كە دەبێ رێگە بدرێت تیمی كوردستان24 رووماڵی دەنگدان بكات، خۆشمان پەیوەندیمان بە بەرپرسە ئیدارییەكانی شنگال كرد، بەڵام ھەر قایل نەبوون بچینە بنكەی دەنگدانی تایبەت كە پێشتر بۆمان دەست نیشان كرابوو".
ئەمە لەكاتێكدایە كە كوردستان24 یەكەم كەناڵی میدیایی بوو كە رووماڵی ئازادكردنی شنگالی كرد و بۆ گواستنەوەی وێنە و زانیارییەكانی وەدەرنانی داعش لە شنگال بووە سەرچاوەی میدیا جیھانییەكان.
ھ.م