سۆسیالیست: لە كەركووك داوامان لە دەنگدەران نەكردووە دەنگ بە لایەنێكی دیكە بدەن

"ئەوەی دەگوترێت بۆ چەواشەكردنی خەڵكە"

K24 - كەركووك

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە، داوایان لە دەنگدەرانیان کردبێت، لە کەرکووک دەنگ بە لایەنێکی دیکە بدەن. ئاماژە بەوەش دەدات، بەهۆی بوونی کەموکوڕی لە ئامێرەکانی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەشێکی کەم لە دەنگدەرانی تایبەت توانیویانە دەنگەکانیان بدەن.

رەسوڵ رەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی رەتدەكەینەوە كە گوایە ئێمە لە كەركووك، لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی كۆبووینەتەوە و داوامان لە دەنگدەرانمان كردبێت دەنگ بە لایەنێكی دیكە بدەن، ئەوە جگە لە پڕوپاگەندە ھیچ دیكە نییە، ئێمە بە ئومێدەوە بەردەوامین بۆ سەرخستنی لیستەكەمان لە كەركووكی".

روونیكردەوە: "ئەو دەنگۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ چەواشەكردنی خەڵك بڵاودەكرێنەوە، بەڵام خەڵك لەوە ھۆشیارترە باوەڕ بەم جۆرە پڕوپاگەندانە بكەن".

رەسوڵ رەئووف، ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی زانیارییەكان لە دەنگدانی تایبەت، لە سنووری سلێمانی رێژەی دەنگدەرمان كەمبووە، ئەمەش بەھۆی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە كە ئامێرەكان پەكیان كەوتبێ یان لە ئاست رێژەی دەنگدەران نەبووە، كە بووەتە ھۆكار كە دەنگدەران نەیانتوانیوە دەنگ بدەن".

 ھ.م