قاسم شەشۆ: لە شنگال ترسمان لە ساختەکاری هەیە
ئەگەر ساختەكاری نەكرێت زۆرینەی خەڵكی شنگال دەنگ بە پارتی دەدەن
K24 - دھۆك
فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی ھێزی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، گومانیان ھەیە لە شنگال و دەوروبەری لە ھەڵبژاردن ساختەكاری دەكرێت. ئەوەش دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی كورد دەنگی پێویست نەھێنێ، بۆ دەنگدان ئەو عەرەبانە دەھێننە شنگال كە لە رابردوودا ھێرشیان كردە سەر شنگال و خەڵكیان كوشت.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر فشار لەسەر دەنگدەران نەبێت و رێگری لە ساختەكاری بكرێت، ئەوا سەرووی 90% ھاووڵاتییان دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن".
ھەروەھا فەرماندەی فەرماندەیی شنگال گوتیشی: "دڵنیاین ساختەكاری لە شنگال و خانەسۆر و سنونێ دەكرێت و ئەو ھاووڵاتییە عەرەبانە دێنە سنوورەكە كە پێشتر ئێمەیان دەكوشت و ئێستاش دەنگیان پێدەدەن تەنیا بۆ ئەوەی كورد لە ناوچەكە دەنگی پێیویست نەھێنێت".
قاسم شەشۆ، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر رێگری نەكرێت لە شنگال زیاتر لە 10 ھەزار دەنگدەری پارتی ھەیە، بەڵام ترسمان ھەیە ھەم رێگری لە دەنگدەرانی پارتی بكرێت، ھەمیش ئەو لایەنانەی ئێستا لەوێ دەسەڵاتیان ھەیە ساختەكاری بكەن".
ھ.م