یەکێتی ھەڕەشەی پەنجە بڕین دەکات

"لە پرۆسەی دەنگدان ساختەكاریمان نەكردووە"

K24 - ھەولێر

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە، لە پارێزگای سلێمانی ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرابێت. دەشڵێت، هەرلایەنێك پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژبکات، پێویستە ئەو پەنجەیە ببڕدرێت.

گوتەبێژی یەکێتی گوتیشی: "سیستمی ئەلیكترۆنی ھەڵبژاردن، فەیسبووكی كەسێك نییە تا ھاك بكرێت، ئەگەر كێشە لە سیستمەكە ھەبووبێت لە ھەموو پرۆسەكە ھەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو لایەنەنانەی كە دەیانویست فاتیحە لەسەر یەكێتی بخوێنن بە ھەڵەداچوونە و تووشی نسكۆی گەورە دەبن".

سەعدی پیرە، راشیگەیاند: "ھاوكار دەبین بۆ ئەوەی پێداچوونە بە پرۆسەی دەنگدان دابكرێتەوە و ئێمەش لە ھەولێر و دھۆك گلەییمان ھەیە، بەڵام نەھاتووین پڕوپاگەندە بكەین".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەنگانەی یەکێتی بەدەستیهێناون، دەنگی راستەقینەی یەکێتییە.

ئەو گوتانەی گوتەبێژی یەكێتی دوای ئەوەدەێت، كە شەوی رابردوو لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە بەشداربووەكانی ھەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە یەكێتیان بە ساختەكردن لە پڕۆسەكە تۆمەتباركرد و ئەنجامەكانیان رەتكردەوە.

ھ.م