بەرھەم ساڵح باسی یاریكردن بە دەنگی خەڵك دەكات

" ئاكامی گرووپێكی ساختەكار نەكرێتە ستەمێكی دیكە "

K24 - ھەولێر

لە پەیامێكدا لەبارەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەوە بەرھەم ساڵح، سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایگەیاند: "ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران روویدا پیلانگێڕی بوو لە پرۆسەی دیموكراسی و زوڵمێكی گەورەبوو لە دەنگی خەڵك، تۆماركردنی بیرەوەرییەكی دیكەی رەشبوو بەناوی 12 ئایار، وەك رۆژە رەشەكانی دیكەی مێژوو".

بەرھەم ساڵح راشیگەیاند: "ئێمە لە ھاوپەیمانی بە روونی رایدەگەیەنین، ئەو دەرئەنجامەی راگەیەندراوە بە ناڕاستی دەزانین و بە قازانجی دەسەڵات گەمەی پێكراوە و ھەموو ھەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان".

گوتیشی: "گرنگە یاری بە موقەدەرات و ئیرادە ودەنگی خەڵك نەكرێت و دەستی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكان دوورخەینەوە، شادی و خۆشی دەنگدەر بە قازانجی گرووپێكی دیاریكراو نەكرێتە شین و مەینەتی، ھەروەھا ئاكامی گرووپێكی ساختەكاریش نەكرێتە ستەمێكی دیكە و بەسەر خەڵكدا بسەپێندرێت".

ئەو پەیامەی بەرھەم ساڵح، دوای ئەوەدێت، لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە بەشداربووەكانی ھەڵبژاردن لە سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان بە ئەنجامدانی ساختەكاری تۆمەتباركرد و ئەنجامەكانیان رەتكردەوە.

ھ.م