یەكێتی گۆڕان ئاشت دەكاتەوە

"پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش پچڕاون"

K24 - سلێمانی

بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لیژنەیەکی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێکھێناوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی گۆڕان و بەشێك لەلایەنە سیاسییەکان بکات، کە بەھۆی ئەنجامی ھەڵبژادن و تۆمەتباركردنی یەكێتی بە سەختەکار پەیوەندییەكانیان تێکچووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بزووتنەوەی گۆران ھەر جۆرە دانیشتنێك لەگەڵ یەکێتی رەتدەکاتەوە.

فەرید ئەسەسەر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیوادارین بتوانین چارەسەری كێشەكان بكەین و بناخەیەكی تازەش بۆ پەیوەندییەكان دانێین، زۆر پێمان ناخۆشە كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ھەندێك لایەن گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا، كار بۆ ئەوە دەكەین كە پەیوەندییەكان ئاسایی بكەینەوە".

گوتیشی: "لیژنەیەكمان ھەیە بۆ پەیوەندیكردن و گفتوگۆكردنی لەگەڵ حزبەكان، یەكەم لایەن كە سەردانیان دەكەین و دەبێ لەگەڵیان دابنیشین بێگومان دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، ھیوادارین ئەوانیش رەزامەندی لەسەر ئەوە بدەن كە دەست بكەینەوە بە دانوستان بۆ چارەسەركردنی ھەموو ئەو كێشانەی كە لەنێوانماندا ھەیە".

ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی  گۆڕان، تەنھا رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوولایەن نابێت، بەڵکو  بەھۆی  دابەشکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکانیان کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی کارە ئیدارییەکان پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتیان دەبێت، تائەم ساتەش گۆڕان ئامادەنییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئاسایی  بکاتەوە.

 بێستون  فایەق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە  فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "نەك شتێك نەماوە بەناوی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان، بەڵكو ئێستا گۆڕان ئامادەی ھیچ دیدار و كۆبوونەوەیەك نییە لەگەڵ سەرانی ئەو حزبە، بەداخەوە رێككەوتنەكە نەك جێبەجێ نەكرا، بە پێچەوانەی رێككەوتنەكە ھەڵسوكەوت كرا، ھەموو پەیوەندییە سیاسییە و كۆمەڵامەتییەكان كە پێشتر لەنێوان گۆڕان و یەكێتی و سەركردەكانیان ھەبوو وەلاوەنرا، چونكە ھەڵسوكەوتی زۆر ناشیرین و نابەرپرسانە كرا".

دوای ئەوەی لە ئێوارەی 12 ئایاری ئەمساڵ ھاوكات لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھێزێكی یەكێتی تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی گۆڕاندا كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ئەمەش جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حزبەی ئاڵۆزتر كرد.

ھ.م