چارەسەرێكی نوێ بۆ شێرپەنجەی مەمك دەدۆزرێتەوە
ئافرەتان ناچار ناكرێن چارەسەری كیمیایی بەكاربھێنن
K24 - ھەولێر
لە ئەمریکا گەورەترین لێکۆڵینەوەی پزیشکی لەسەر نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك ئەنجامدرا. بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵنەوەکە کە 3ی حوزەیرانی 2018 بڵاوکراوەتەوە، زۆربەی ژنانی توشبووی شێرپەنجە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی نییە. بەڵکو لەرێگەی چارەسەری جینات و بەھێزکردنی سیستمی بەرگری لەش و رێکخستنی ھۆرمۆنەکانەوە نەخۆشییەکە چارەسەر دەکرێت. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە کرانەوەی دەرگایەکی نوێیە بەرووی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە.
بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە پزیشکییە کە لەسەر شێرپەنجەی مەمك ئەنجامدراوە، زۆربەی ژنانی توشبوو دەتوانن چارەسەری کیمیایی وەرنەگرن بەبێ ئەوەی دەرفەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە لەدەست بدەن.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی نیشتیمانی شێرپەنجە بە ھاوکاری چەند دامەزراوەیەکی دیکە ئەنجامدراوە و لە رۆژنامەی زانستی پزیشکی نیوئینگلاند لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات "ئێستا چارەسەری کیمیایی رێگایەکی کۆنە و کاریگەری لاوەکی زۆر خراپی لەسەر نەخۆش دەبێت".
ئێستا لەرێگەی چارەسەر جینات و بەھێزکردنی سیستمی بەرگری لەش و لادانی ئەو بەربەستانەی کە رێگە لە دەردانی ھۆڕمۆنەکان دەگرن نەخۆشیەکە چارەسەر دەکرێت.
ھارۆڵد بێرستەین، پزیشك لە دامەزراوەی دانا فاربەر بۆ شێرپەنجە دەڵێت: "کاتێك ژنێك ھەمووکات چارەسەری کیمیایی پێدەدرێت کاریگەری لەسەر شێوازی ژیان و کار و بەرپرسیارێتیشی دەکات لەناو خێزانەکەی. بەڵام ھەبوونی ئازایەتی بەوەی کە بە نەخۆشەکە بڵێی تۆ ھیچ پێویستت بە چارەسەری کیمیایی نییە ئەمە بریارێکی زۆر باشە و باوەڕبەخۆبوونیش لای نەخۆشەکە دروست دەبێت، بۆئەوەی بتوانێ بە ئاسانی بریارێکی دیکە بدات".
ھەزار و 273 نەخۆش لە لێکۆڵینەوە پزیشکیەکەدا بەشدارییان پێکراوە و نمونەیەك لە خانەکانی مەمکیان لێوەرگیراوە، بۆ پێوانی چالاکی جینەکان کە دەبنە ھۆکاری گەشەی خانەکان و چارەسەری ھۆڕمۆنەکان بۆئەوەی رێژەی ئەو خانانەی شێرپەنجە دیاری بکەن کە ئەگەری ئەوەیان ھەیە چالاك ببنەوە.
بەشێك لەو نەخۆشانە چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە و بەشێکیشیان وەریان نەگرتووە. دوای زیاتر لە 9 ساڵ ئێستا لە 94% ئەو ژنانە لە ژیاندا ماوەن. لە 84% یشیان ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشی شێرپەنجەیان تێدا بەدیناکرێت. کەواتە ئەوانەی چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە و ئەوانەشی وەریان نەگرتووە ھیچ جیاوازییان نەبووە.
پێشبینی دەکرێت لێکۆڵینەوەکە تەنھا لە ئەمریکا 70 ھەزار نەخۆش لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی رزگار بکات و بۆ ساڵانی داھاتووش ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە کاریگەری باشی ھەبێت لەسەر چارەسەری شێرپەنجەی مەمك.
ھ.م