ئيسرائيل و ئێران گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وروپا ده‌كه‌ن
ده‌رگای ئه‌وروپاشی لێداده‌خات
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئەوەی بێنیامین نه‌ته‌نیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە مەبەستی قایل کردنی ئەوروپا بە کشانەوەی لە رێکكەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیشتە بەرلین، محه‌مه‌د جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران، هانی ئەوروپا دەدات کە دەست بە رێکكەوتننەکە بگرن.
نه‌ته‌نیاهو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەباره‌ی سەردانەکەی نووسیویەتی: "ئەم هەفتەیە لەگەڵ سێ سەرکردەی ئەوروپا، ئیمانیۆل ماکرۆن و ئەنگێلا مێرکڵ و تێریزا مەی کۆدەبمەوە".
لە تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هاتووە: "ئیسرائیل رێگا نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت".
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، زەریفی نامەیەکی بۆ ئەوروپا ناردووە و تیایدا نووسیویەتی: "کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە رێکەوتنەکە و هەوڵی حکوومەتی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی وڵاتانی دیکەش، پێچەوانەی پرنسیپی یاسایی و دژی پرنسیپەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە".
دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئێستا ئەوروپا رێكکەوتننامە ئەتۆمییەکه‌ی ئێرانی بە زیندووی هێشتووه‌تەوە. نه‌ته‌نیاهوش بۆ گۆڕینی رێڕەوەکانی ئەوروپا و دووبارە گەمارۆخستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵەکانی دەستپێکردووە.
لە نوێترین کاردانەوەشدا، گه‌وره كۆمپانیای پیجۆی فه‌ره‌نسی، كه تایبه‌ته به كاری وه‌به‌رهێنان له بواری ئۆتۆمۆبێلدا، كۆمپانیاكه‌یان بڕیاریداوه، له شه‌شی مانگی ئابی داهاتوو سه‌رجه‌م چالاكی كۆمپانیاكه‌یان له ئێران هه‌ڵپه‌سێرێت، ئه‌مه‌ش بۆ نیشاندانی پابه‌ندبوونی خۆیان به‌و سزایانه‌ی واشنتۆن به سه‌ر تاران‌دا سەپاندوویەتی.
هـ. ج