"یانه‌ی نوێی زێدان بۆ وه‌رزی داهاتوو ئاشكرا ده‌بێت"
ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی ریال مه‌درید بۆ 3 وه‌رز ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی ئه‌م یانه‌یه وه‌ربگرێت
به گوێره‌ی رۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانیا، زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ وه‌رزی داهاتوو بۆ كاری راهێنه‌رایه‌تی رووده‌كاته سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا.
رۆژنامه‌ی دۆن باڵۆنی ئیسپانیا له چاپی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌دا، ئاشكرای كردووه كه زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری فره‌نسی بۆ وه‌رزی داهاتوو ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی یوڤێنتۆس وه‌رده‌گرێت.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كاتێك زیزۆ له 2001 یانه‌ی یوڤێنتۆسی به‌ره‌و ریال مه‌درید جێهێشت به‌ڵێنی به هانده‌رانی خانمه‌پیره‌كه‌دا بوو رۆژێكدا بێت بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و یانه‌یه و خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان بكات.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: زیزۆ له پێناو به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت وه‌رزی داهاتوو ببێته راهێنه‌ری یوڤێنتۆس هه‌مان ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی بۆ ریال مه‌دریدی بردۆته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ش به‌ده‌ستی بێنێت.
زینه‌دین زیدان وه‌ك یاریزان ماوه‌ی 5 ساڵ یاری بۆ یانه‌ی یوڤێنتۆس كردووه و له 212 یاری 31 گۆڵ و 35 ئاسیستی هه‌بووه، له هاوینی 2001 به 70 ملیۆن پاوه‌ند روویكرده ریال مه‌درید، دواتر هه‌ر له‌و یانه‌یه وازهێنانی له یاریكردن راگه‌یاند، هه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه یه‌كه‌مین ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی تاقیكرده‌وه و 3 ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی چامپیۆنزلیگی به‌ده‌ستهێنا و 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر به فه‌رمی جیابوونه‌وه‌ی خۆی له یانه‌ی ریال مه‌درید راگه‌یاند.