"موڵكی بابان" ململانێی نێوان یەكێتی و گۆڕان تۆختر دەكات
"كڕین و فرۆشتن بە موڵكەكان دەكرێت"
K24 - سلێمانی
ململانێی نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانی كوردستان لە سلێمانى رۆژ دوای رۆژ کاریگەرییەکانى لەسەر جومگەكانی ئیدارەى ئەو شارە زیاتر دەبێت، فراکسیۆنى یەکێتى له ئهنجوومهنی پارێزگا، پارێزگارى سلێمانى بەوە تۆمەتبار دەکات کە کڕین و فرۆشتنى موڵکەکانى پارێزگاكه زیادەڕۆیى تێدا دەکرێت.
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى یەکێتى، نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کردووە و داوا دهكات پارێزگارى سلێمانى رابسپێرێت بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى ئیدارى و یاسایى، لەسەر مامەڵەکردنى نایاسایی بە کڕین و فرۆشتن بە موڵکەکانى پاێزگاى سلێمانىیهوه.
رێكکەوت زەکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە كوردستان24 راگەیاند: "بەشێك لە موڵكەكانی پارێزگای سلێمانی یان كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت یان بەكرێ دەدرێن، بە پشتبهستن بەو زانیاریانەی لەبەر دەستمانە، نووسراوێكمان لە رێگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی كردووە، كە حاڵەتی وا ھەیە و مامەڵە بە موڵكی پارێزگای سلێمانییەوە دەكرێت".
سەرۆکى فراکسیۆنى بزووتنەوەى گۆڕان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، باسکردنى ئەو موڵکانەى سنووری پارێزگاى سلێمانى لەلایەن ئەندامێکى فراکسیۆنى یەکێتى، بە موزایهدەى سیاسی دهزانێت و پێیوایه، ئەو کێشانەى لە بەکرێدانى موڵکەکانى پارێزگاى سلێمانیدا هەیە لەسەرجەم موڵکەکانى پارێزگاکانى دیكەی ههرێمی كوردستانیش ههن، دهشڵێت، پێویستە حکوومەتى هەرێم لە رێگەى وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى شارەوانى و پارێزگاکانەوە چارەسەری ئهم كێشانه بكات.
رێبوار ئهحمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "بۆ ئەو جۆرە بابەتانە دەبێ سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و بە ئاگاداری وەزارەتی داد و پارێزگاكان دانیشتنێك بۆ رێكخستنەوەی ئەو بابەتە ئەنجام بدەن".
ھ.م