رۆحانی: شەکر و گەنم و رۆنی پێویستمان ههیه
ئێران چۆک بۆ ئەمەریکا دانادات
K24 - ههولێر:
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، رەتیدەکاتەوە چۆک بۆ فشارەکانی ئەمەریکا دابدهن و دەڵێت: "حکوومەتی ئێران بەرگەی سزا ئابوورییەکان دەگرێت".
دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران، واشنتن پلانی هەیە سزاکانی سەر ئێران بە تەواوی بگەڕێنێتەوە.
ئەم هەوڵەی ئەمەریکاش، کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دادەنێت و لە ئێستاشەوە بەهای تومەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیووە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆحانی ئەمڕۆ سێشەممە 26/ حوزهیرانی 2018، لەسەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران پەیامێکی لە رێگای تەلەڤزیۆنی حکوومی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: "تەنانەت لە خراپترین بارودۆخدا، من بەڵێن دەدەم کە پێداویستی خەڵکی ئێران دابین دەکەین. ئێمە شەکر، گەنم و رۆنی پێویستمان هەیە. ئێمە دراوی بیانی پێویستمان هەیە کە بیان خەینە نێو بازاڕەکان".
ئێران ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، خەڵکەکەشی داوای چاکسازی و گەڕانەوەی ئابوورییەکی باش دەکەن، بەم هۆیەشەوە چەند رۆژێکە خۆپیشاندان لە تارانی پایتەخت ئەنجام دەدرێت.
ئەگەر بێت و ئەمەریکا سزاکان بە تەواوی بگەڕێنێتەوە، بارودۆخی ئێران لەوەی هەیە خراپتردەبێت، رەنگە بەڵێنەکانی حکوومەتیش بەهۆیەوە نەگەنە هیچ جێیەک.
هـ. ج