ئەمشەو مێسی پێویستە بەرامبەر نەیجیریا چی بکات؟

ئەستێرەیەکی بەناوبانگی جیهان خاڵێکی لاوازی مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئاشکرا دەکات

نووسینی: لۆتەر ماتیۆس
وەرگێڕانی: چێنەر عەبدولقادر
دوێنێ بە شەمەندەنەفەر لە مۆسکۆوە چووم بۆ سان پیستەرسبۆرگ لەگەڵ چەند ھاندەرێکی ئارجێنتینی، لەگەڵ خواردنەوەی برێکی باش لە ڤۆدگا، گفتوگۆیەکی گرنگ و روونمانکرد.
بۆ ئەو ھاندەرانە مێسی ئەستێرەیەکی مەزنە، بێگومان بۆ منیش ھەر وایە، باشترین یاریزانە لە 10 ساڵی رابردوودا، بەڵام ئەو مێسییەی کە یاریی بۆ بەرسێلۆنا دەکات، ئەو مێسییە نییە کە یاریی بۆ ئارجێنتینا دەکات، ھاندەرەکانیش پێیان وابوو کە ھەرگیز نابێتە دیێگۆ مارادۆنا، قسەکانیان زۆر ئاشکرابوون، دەیانگوت "دیێگۆ جامی جیھانی بۆ بردووین، مێسی ناتوانێت"، مانای وایە مارادۆنا باشتربوو، بۆ منیش ھەر وایە.
بۆ من گرنگ نییە چەند باش یان خراپ یاری کردووە، بەڵکو گەورەترین جیاوازی ئەوەیە کە مارادۆنا بەردەوام لەناو رووداوەکاندا کەسی یەکەم بووە، بەڵام مێسی دیارنامێنێت کاتێک یارییەکە لە بەرژەوەندیی ئەو نییە، مارادۆنا بەردەوام سەرکردەی تیپەکە بوو تەنانەت لەو کاتانەی نیشانەی کاپتنیش لە قۆڵی نەبوو.
چەندین جار رووبەرووی بومەتەوە، یەکەم جار لە(24/03/1982) بوو لە بۆینس ئایرس، تەنھا 21 ساڵبووم و پێنجەم یاریم بوو بۆ ئەڵمانیا، راھێنەر پێی گوتم "چاودێری مارادۆنا دەکەیت و ھیچ لێی دوورناکەویتەوە، ئەگەر کاتی ھەبێت و کۆنتڕۆڵی تۆپ بکات دەمانکوژێت"، یارییەکی باشمکرد و یەکسانبووین بۆ من ئەزموونێکی زۆر باشبوو کە ھەرگیز لەبیری ناکەم.
دواتر چەندین جار لە ئیتاڵیا رووبەرووی یەک بوینەوە، کاتێک من لە ئینتەر بووم و ئەویش لە ناپۆلی، ھەروەھا لە ھەڵبژاردەکانیشمان، کە دوو یاری کۆتایی بەر یەک کەوتین.
لە مۆندیالی 1986 ئەو نموونەی بەرزی خولەکەبوو، گۆڵەکانیمان بینی بەرامبەر ئینگلتەرا و بەلجیکا کە باوەڕ پێ نەکراوبوون، لەیاری کۆتایی ھەستم دەکرد ئەوەی لە توانامدا بوو پێشکەشمکرد، دیێگۆ زۆر کاریگەری لەسەر یاریەکەی نەبوو، ئێمە توانیمان دوو گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەینەوە، لە ناکاو دەرکەوت و بینی تیپەکەمان کەمێک شێواوە، پاسێکی زۆر جوانی نارد بۆ بروچاگاو گۆڵی سەرکەوتنیان کرد، ھەر ئەوەبوو ئیتر ئێمە دۆڕاین، یەک خولەکی سیحری مارادۆنا ھەموو کارەکانی ئێمەی بەتاڵکردەوە، دوای چوار ساڵ تۆڵەمان کردەوە.
ھەفتەی رابردوو لە مۆسکۆ بینیم، دوای ھەواڵ پرسینی یەکتری یەکسەر وتی "ئەوەی ساڵی 1990 پێناڵتی نەبوو"، منیش وتم 50 لە 50 بوو، ئەگەر ناوبژیوان فیکەی پێناڵتی لێ نەدایە ھەروەکو ئێستا دەبوو.
زۆر یاریی مارادۆنام بینیوە لە ناپۆلی و ئەرجێنتینا کە تیپی بەرامبەر ھەوڵیان داوە زۆر توند لەگەڵیدا یاری بکەن، چونکە ئەوە تاکە رێگابوو بۆ راگرتنی، منیش زۆر توند یاریم بەرامبەری کردووە بەڵام یاریی پاک، لە کاتی یاریدا ھەرگیز قسەم لەگەڵ نەکردووە، بەڵام دوای یاری ھاوڕێیەکی نزیک یەکتری بووین.
زۆر لەیەکچوون دەبینم لە نێوان مێسی و مارادۆنا، ھەردوکیان بچوکن، خێران، بەھێزن لەسەر تۆپ، زەحمەتە بیان وەستێنی کاتێک لێسەندن دەکەن، بەڵام لەرووی ھەست و سۆزەوە زۆر جیاوازن.
دیێگۆ ماڕادۆنا وزەی دەبەخشیە تیپ، کۆنتڕۆلی تۆپی دەکرد و کۆنتڕۆلی یاریشی دەکرد، بەس ھەموو جارێک ھەوڵی تەواوی داوە ئەگەر خراپیش یاری کردبێت، بەڵام لە مێسیدا ئەمە نابینم، لە دواین 20 خولەک، یان بەرامبەر کرواتیا لە یاریگا نەبوو، لەوانەیە لە ژووری جلگۆڕینیش ھەر وابووبێت، لەو کاتانەی کە زۆر زۆر پێویستیان پێیەتی ئەم واز دەھێنێت، کاتێک بارودۆخەکە لە خراپیدایە، ئەم پاڵ بە تیپەکەوە نانێت! سەر دادەخات و دیارنامێنێت.
ھەڵبژاردەکەی ناتوانن یاریی باش پێشکەش بکەن و لەوکاتەدا ھەموو جوڵەیەک و ھەموو پاسێکیان بۆ مێسییە، ئەمەش پەستانی زیاتر دەخاتە سەر، ئارجێنتینا سوارێز و ئینێستا و راکیتیچی نییە تاکو کەمێک قورسایی سەر شانی مێسی کەمبکەنەوە.
لەوانەیە ئەمە شتێکی سەیربێت بەڵام ھەموومان ئەوەمان خوێندەوە کە مێسی کاریگەری ھەبوو لەسەر دیاریکردنی یاریزانەکانی ھەڵبژاردەکەی و ئەو یاریزانانە بانگکراون کە ئەو دەیەوێن، ئەمە کێشەکانی ئەڵمانیام بیردێنێتەوە لە مۆندیالی 1994ی ئەمریکا، کاتێک کێشەمان ھەبوو لەنێو خۆمانداو لە گەڵ راھێنەریش.
ئێستا مێسی دەبێت یاری بکات و دەبێت ئەوەش نیشان بدات، مێسی بارسێلۆنا ئەوە نەبوو کە بەرامبەر کرواتیا بینیمان، ئەگەر لە بەرامبەر نەیجیریا خۆی نمایش نەکات ناتوانن بیبەنەوە، ئەگەر تەرکیز بکات دەتوانن سەرکەون، لە دوو یاری پێشوو نەیتوانیوە سەرکردەبێت، بەڵام با لە یاری نەیجیریا سەرکردەبێت.