فه‌رمانده‌يه‌كى باڵاى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق: پێويسته‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌ باره‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان رێكبكه‌ون

له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان مه‌ترسى داعش سه‌ريهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر: 

فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا جەنەراڵ (پۆڵ ئی. فەنک) رايگه‌ياند، پێويسته‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا جەنەڕاڵ (پۆڵ ئی. فەنک) تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان؛"دەبێت پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەنە رێککەوتنێک".

گوتيشى: "داعش لە سەرە مەرگدایە و ناکرێت رێگە بدرێت گەشە بکاتەوە".

هه‌روه‌ها گوتى: "ئێوە پێویستە پێکەوە کار بکەن و پێویستە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێکەوە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن و پێکەوە ئەو ناوچەیە بپارێزن، من بۆ ئەوە لێرەم کە پەیوەندی لە نێوان هەردوو لایەن درووست بکەم بۆ ئەو مەبەستە، ناتوانم بڵێم کەی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، من پێم وایە داعش لە سەرە مەرگدایە و ناکرێت رێگە بدرێ گەشە بکاتەوە".