بڕیارێكی كۆمسیۆن گۆڕان نیگه‌ران ده‌كات

گۆڕان تانە لە بڕیارەكە دەدات

K24 - ھەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان، وەك یەكێك لە لایەنە ناڕازییەكانی ھەرێمی كوردستان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی عێراق، تانە لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق دەدات، بەوەی تەنیا ئەو سندووقانە بەدەست ھەژماردەكاتەوە كە سكاڵایان لەسەرە، شارەزایەكی یاساییش ئاماژە بەوەدەكات ئەوەی كۆمسیۆن دەیكات كارێكی درووستە و ناكرێت سەرجەم سندووقەكان بەدەست ھەژمار بكرێنەوە لە كاتێكدا سكاڵا لەسەر ژمارەیەك سندووقی دیاریكراو تۆماركراوە.

كارزان گەردی، ئەندامی ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ناكرێت كۆمسیۆن بە بڕیار ئەو كێشەیە یەكلایی بكاتەوە، كە پێشتر پەرلەمان بە یاسا یەكلایی كردووەتەوە، بۆیە وەك بزووتنەوەی گۆڕان تانە لەو بڕیارەی كۆمسیۆن دەدەین و چاوەڕێی ئەنجامەكەی دەكەین".

لە لایەك لیستە براوەكان عێراق، خەریكی دروستكردنی ھاوپەیمانێتین بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ، لەولاتریش دادوەرە ئەندامەكانی كۆمسیۆن خەریكی رەواندنەوەی گومانی لایەنە ناڕازییەكانی عێراقن، شارەزایانی یاسایش بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ھەڵدانەوەی تەنیا ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە بە دروست دەزانن.

لەوبارەوە ھەڵمەت غەریب، شارەزای یاسایی دەڵێت: "ئەستەمە جارێكی دیكە سەرلەبەری دەنگەكان لە ھەموو عێراق بژمێردرێتەوە، ئەوەی كە پێویستە ئەوەیە كە ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە و گومانیان لێدەكرێت دەنگەكانیان ھەژمار بكرێنەوە، ھەروەھا ئەو لایەنانەی كە ناڕازین مافی ئەوەیان ھەیە ئێستاش جارێكی دیكە لەدوای ھەژماردنەوەی دەنگەكان تانە لە ئەنجامەكان بدەن، بە بڕوای من ئەوە كارێكی باشە و دەبێتە ھۆكاری نەمانی گلەیی و گومانەكان".

ھەرچەندە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاندبوو، بڕیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌ستوورییه، بەڵام تەنیا دەنگی ئەو سندووقانە دەژمێردرێنەوە، كە سكاڵایان لەسەرە ئەمەش لایەنە سیاسییەكانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە، بەشێك بڕیارەكە بە نادەستووری دەزانن و بەڕای ھەندێك لایەنی دیكەش بڕیارەكە تەواو دەستوورییە.

ھ.م