ئه‌مڕۆ كریستیانۆ و مێسی له‌به‌رده‌م نووسینه‌وه‌ی ریكۆردێكی ڕه‌ش دان

له‌ مۆندیال خاوه‌نی خراپترین ئامارن

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی، ئه‌گه‌رچی زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ كۆنترۆڵی ناسناوه‌ تاكه‌كه‌سی و به‌ كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌تایبه‌تی له‌ مۆندیال رۆڵێكی باشیان نه‌بووه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی هه‌ریه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانیان به‌شدارییان له‌ 4 مۆندیال كردووه‌ و تا ئێستا هیچ گۆڵێكیان له‌ قۆناخی 16 و دواتر نه‌كردووه‌، سه‌رجه‌م گۆڵه‌كانیان له‌ قۆناخی گرووپه‌كان بووه‌.

كریستیانۆ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال له‌ 4 مۆندیال، به‌شداریی 10 یاری كردووه‌ و 7 گۆڵی تۆمار كردووه‌، سه‌رجه‌م گۆڵه‌كانیش له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان بووه‌.

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا به‌شداریی له‌ 17 یاری كردووه‌ و 6 گۆڵی تۆمار كردووه‌، هه‌ر شه‌ش گۆڵه‌كه‌ی لیۆ له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان بووه‌.

مێسی له‌ مۆندیالی 2018، له‌گه‌ڵ تانگۆ له‌ یاری یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئایسله‌ندا به‌ گۆڵێك یه‌كسانبوون، له‌ دووه‌م یاریش به‌ 3 گۆڵی بێوه‌ڵام به‌ كرواتیا دۆڕان، له‌ سێیه‌م یاری ئارجێنتینا به‌شێوه‌یه‌كی موعجیزه‌ شكستی به‌ نێجیریا هێنا و گه‌یشته‌ قۆناخی 16، له‌و یارییه‌دا مێسی گۆڵی یه‌كه‌می له‌ نێجیریا كرد.

كریستیانۆ رۆناڵدۆش له‌ مۆندیالی 2018، له‌ یه‌كه‌م یاری به‌رامبه‌ر ئیسپانیا 3 گۆڵی كرد، له‌ یاری دووه‌میش كریستیانۆ گۆڵێكی له‌ مه‌غریب كرد، له‌ یاری سێیه‌میش كریستیانۆ به‌رامبه‌ر ئێران ون بوو، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌.