دیلێكی داعش نهێنییه‌كانی نێوان ئه‌و رێكخراوه و توركیا به‌با ده‌دات
تیمی كوردستان 24 له رۆژئاوای كوردستان دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكی داعش ئه‌نجامداوه
K24- هه‌ولێر:
چه‌كدارێكی داعش كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی وڵاتی ئازه‌ربایجانه و دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه به‌دیل گیراوه، باسی چۆنییه‌تی هاتنی خۆی بۆ شه‌ڕ له سووریا و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه ده‌كات، ئه‌مه جگه له باسكردنی چۆنییه‌تی ئاماده‌كردنی كه‌سانی خۆكوژ.
رازی كرادیك مهكسیمۆ، ناوی ئه‌و چه‌كداره‌ی رێكخراوی داعشه و، باس له ئه‌ركی چه‌كداری خۆی له ریزه‌كانی ئه‌و ریكخراوه ده‌كات و ده‌ڵێت، دوای هاتنی بۆ ناو داعش، ئه‌و ته‌نیا چه‌كدارێكی ئاسایی بووه و له بازگه‌یه‌كی چه‌كداری كاری كردووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له رۆژئاوای كوردستان ده‌ست په‌یامنێری كوردستان 24 كه‌وتوون، مهكسیمۆ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری داعش بووه، له هه‌ردوو شاری ره‌ققه و مه‌یادینی سه‌ر به پارێزگای دێر زوور.
سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی به‌و رێكخراوه كرادیك مهكسیمۆ بۆ كوردستان 24 ئاشكرایكرد، "دوای ئه‌وه‌ی بیستم كه خه‌لافه‌تێكی ئیسلامی راگه‌یه‌ندراوه، په‌یوه‌ندیم به‌و رێكخراوه‌وه كرد، بۆئه‌وه‌ی ئاڵای ئیسلام به‌رز بكه‌مه‌وه. كه‌سانێك له سووریا و توركیا هه‌ن، له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان و ئێمه له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه له توركیا هاتووینه‌ته سووریا. من له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه توانیم بێمه ئیسته‌نبوڵ و له‌هه‌مان رۆژیشدا خۆم گه‌یانده سووریا".
وه‌ك ئه‌و چه‌كداره ئازهبایجانیهی داعش باسی لێوه ده‌كات، "زوڵم و سته‌مكارییه‌كی گه‌وره له‌ناو رێكخراوی داعشدا هه‌یه، هه‌ربۆیه‌ش كه ئه‌و ستهمكارییهم بینی په‌شیمان بوومه‌وه و ویستم رابكه‌م، به‌ڵام نه‌متوانی، چونكه دیوانی ئهلحوسبه منیان ده‌ستگیركرد و دواتر منیان زیندانیكرد".
ئه‌و چه‌كداره‌ی داعش دووپاتیشیكرده‌وه، "به‌م دواییانه هه‌ركه‌سێك له‌ناو داعش هه‌وڵی راكردنی بدابایه، ده‌كوژرا".
له‌باره‌ی میكانیزمی شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌ش به‌رامبه‌ر به دژبه‌رانی ده‌ڵێت، "له‌شه‌ڕدا كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره فڕۆكه بوون، ئه‌گه‌ر به‌هۆی فڕۆكه‌كانه‌وه نه‌بوایه، ئه‌وا شه‌ڕه‌كان زۆر به‌سه‌ختی یه‌كلایی ده‌بوونه‌وه، سه‌ختترین شه‌ڕ كه من بینیم له‌كۆبانێ روویدا".
مهكسیۆمۆ ئاشكراشیكرد، "نه‌فتی داعش له عێراق و سووریا له‌ڕێگه‌ی سوپای سووریای ئازاده‌وه بهتوركیا ده‌فرۆشرا، هه‌روه‌ها داعش نه‌فتی به رژێمی سووریاش ده‌فرۆشت".
ئه‌و چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌ی داعش ئاماژه به‌وه‌شده‌دات، "ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ هێرشی خۆكوژی ئاماده ده‌كران، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و رێكخراوه‌وه ههڵدهخهڵهتێندران و به ریكلامكردن بۆیان سه‌رگه‌رم ده‌كران، بۆئه‌وه‌ی له‌و كاره سڵ نه‌كه‌نه‌وه، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرته‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌یان پیشانی گه‌نجان ده‌دا، كه له ته‌قینه‌وه‌كانی پێشتر گیرابوون، بۆئه‌وه‌ی لێیه‌وه فێری ئه‌و كاره ببن".
له رۆژئاوای كوردستان، به‌ده‌یان سه‌ركرده و چه‌كداری داعشی بیانی له گرتووخانه‌كانی هه‌سه‌ده و په‌یه‌ده هه‌ن، به‌ڵام چاره‌نووسیان دیار نییه ئاخۆ دوای نه‌مانی داعش به‌یه‌كجاری وڵاته‌كانیان داوایان ده‌كه‌نه‌وه، یاخۆد نا.
H.B