به‌ فه‌رمی رووسیا شكستی به‌ ئیسپانیا هێنا

مۆندیالی رووسیا، هیچ شكۆیه‌كی بۆ خاوه‌ن مێژوو و هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌كان نه‌هێشتۆته‌وه‌

ئیسپانیا و رووسیا له‌ قۆناخی شازده‌ی مۆندیال رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه‌، ماتادۆره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی ماڵئاواییان له‌ مۆندیال كرد.

له‌ یاریگه‌ی لوژنیكی له‌ مۆسكۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا و رووسیا له‌ كاتی یاسایی یارییه‌كه‌ به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌ك یه‌كسان بوون.

له‌ خوله‌كی دوازده‌ سێرجی ئیگناشیڤیچ به‌رگریكاری رووسیا گۆڵێكی پێچه‌وانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیسپانیا تۆمار كرد، به‌ڵام به‌ر له‌ ته‌وابوونی نیوه‌ی یه‌كه‌م ئارتیم دزیوبا به‌ لێدانی سزا ئه‌نجامه‌كه‌ی هاوتا كرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی تۆپ به‌ر ده‌ستی پیكێی به‌رگریكاری ئیسپانیا كه‌وت و كویپه‌رزی ناوبژیوان لێدانی سزای گرت.

هه‌ردوو گێمی یاسایی یارییه‌كه‌ كۆتایی هات و هیچ گۆڵی دیكه‌ تۆمار نه‌كران و په‌نا بردرایه‌ به‌ر گێمه‌ زیادكراوه‌كان.

به‌ درێژایی هه‌ردوو گێمه‌كه‌ هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوون بشكێنن، دواتر له‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، رووسیا شكستی به‌ ئیسپانیا هێنا.