هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا و ئەسەد لەسەر نەوت رێكدەكەون
"رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن"
K24 – ههولێر:
هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا و حکوومەتی سووریا لەسەر ناردنی بەشێک لە نەوتی پارێزگای حەسەکە بۆ پاڵاوگەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد رێککەوتوون.
لە بەدواداچوونێکیدا، ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی رووسی ئاشکرای کردووە، هێزە کوردییەکان لە هەردوو کێڵگەی نەوتی رمێلان و جبسەی سەر بە پارێزگای حەسەکە، رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، 1/3 ی ئەم رێژەیەش دەدەنە پاڵاوگەی حومس کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا دایە.
ئەسەد بە ھاوكاری رووسیا دەیەوێت جارێکی دیکە کۆنترۆڵی تەواوی نەوتی سووریا بکات، بەرامبەر ئەمەش حکوومەتی سووریا تەنها رێگا بە کۆمپانیا رووسییەکان دەدات لە کێڵگە نەوتییەکانی کار بکەن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ دمیتری سابلین، ئەندامی لیژنەی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی بەرگری و ئاسایشی رووسیا، بەشار ئەسەد رایگەیاند: "ئێمە چاوەڕێی کۆمپانیاکانی خۆرئاوا ناکەین لێرە، بە تایبەت لە سێکتەری نەوت و گاز. لەگەڵ سەرۆک ڤلادمێر پوتین، لە سوچی قسەمكردووە، ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیا رووسییەکان بە زووترین کات لێرە دەستبەکاربن".
رێککەوتنی ھێزە كوردییەكانی باڵا دەست لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ بەشار ئەسەد لەبارەی نەوت و گاز لە کاتێکدایە بەرپرسانی هەردوولا چەند جارێك باسیان لە لێکنزیکبوونەوەی زیاتر کردووە.
دوای ئەوەی ئەمەریکا هێزەکانی هەسەدەی بێ هیواکرد و بەشێك لە ناوچەکانی رادەستی تورکیا كرد، رەنگە بۆ هێزە کوردییەکان تاکە رێگای چارەسەری، گەڕانەوەبێت بۆ لای بەشار ئەسەد، بەوەی ئێستا رژێمی سووریا ئەسپی خۆی بە ھاوكاری سەرۆکی رووسیا تاو داوە و رۆژ بە رۆژ خاکی زیاتری سووریا کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە.
H.J