ئەمەریکا داوایەکی ئەوروپا لەباره‌ی سزاکانی سەر ئێران رەتده‌كاته‌وه‌

"سزایەکی کەم وێنەمان بۆ ئێران دەوێت"

K24 – هه‌ولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوایەکی یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا، فرەنسا و بەریتانیای لەبارەی ده‌ركردنی چەند بازرگانییەکی ئەوروپی لە چوارچێوەی سزاکانی سەر ئێران رەتکردەوە.

ئەو وڵاتانە دەیانویست سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە کارنەکاتە سەر بازرگانییەکانی ئەوروپا لە سێکتەرەکانی وزە، ئۆتۆمبێل، تەندروستی و دارایی لەگەڵ تاران.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای هەواڵی ئێن بی سی، مایک پۆمپیۆ، لە وەڵامی ئەو داوایەدا، نامەیەکی بۆ ئەو چەند وڵاتە ئەوروپییە ناردووە و تیایدا نووسیویەتی: "ئێمە دەمانەوێت فشاری ئابووری کەم وێنە بەسەر رژێمی ئێراندا بسەپێنین".

پۆمپیۆ بە ئەوروپییەکانی گوتووە، ئەوان تەنها لە یەک حاڵەت چاوپۆشی لەو سزایانە دەکەن ئەویش ئەگەر سزاکە کاربکاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.

ئەوروپییەکان دەیانەوێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران بپارێزن و ئەمەریکاش سوورە لەسەر ئەوەی هەموو دەرگاکان بەڕووی تاراندا دابخات، بەتایبەت ئەوەی ئێستا پەیوەندی ئەمەریکا و ئەوروپا بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپ لە ئاستێکی خراپدایە.

H.J