وەزارەتی کارەبا: نزیکەی 800 هەزار هاوبەش سوودیان لە داشکاندنی 50%ـی قەرزە کۆنەکان وەرگرت

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودمەند بوون لە داشکاندنی تایبەتی قەرزە کۆنەکانی پێش جێبەجێکردنی "پڕۆژەی رووناکی".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی داشکاندنەکە لە 3ـی ئاب تا 10ـی ئەم مانگە ئەیلوول بۆ ماوەی نزیکەی 40 رۆژ بەردەوام بوو، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند کرابوو، ئەمەش بە مەبەستی هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و بەکارهێنەرانی کارەبا لە هەموو پۆلەکاندا، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە بارگرانیی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا رزگاریان ببێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، داشکاندنەکە بە رێژەی 50%ـی جێبەجێ کرا کە دەستپێشخەرییەکی بێوێنە بوو لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا، بەهۆیەوە زۆربەی ئەو هاوبەشانەی قەرزی کۆنیان لەسەر بوو، توانیویانە لە وادەی دیاریکراودا سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان پاکتاو بکەن.

ئەم دەستپێشخەرییە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی دەستپێکردنی "پڕۆژەی رووناکی" و قۆناخی گواستنەوە لە سیستەمی کۆنی قەرزەکان بەرەو سیستەمێکی نوێ، کە تێیدا سەرجەم بەکارهێنەران لە پێناو دادپەروەری و شەفافیەتدا بە شێوەیەکی بەردەوام و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هاووڵاتییان و هاوبەشانی لە سەرجەم کەرتەکاندا.