ئینڤێست ئێکسپۆ 2026 کۆتایی هات؛ زیاتر لە 27 هەزار سەردانیکار و 684 گرێبەست تۆمار کراون
پێشانگای نێودەوڵەتیی "ئینڤێست ئێکسپۆ 2026" دوای چوار رۆژ لە بەڕێوەچوونی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، و کۆمپانیای رێکخەری پێشانگاکەش ئامارەکانی خولی ئەمساڵی بڵاوکردەوە کە تێیدا زیاتر لە 27 هەزار سەردانیکار و واژۆکردنی 684 گرێبەستی کڕین و فرۆشتن تۆمار کراون.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، ئینڤێست ئێکسپۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پێشانگای نێودەوڵەتیی ئینڤێست ئێکسپۆ 2026 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ بەشدارییەکی بەرفراوانی وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان، دوای چوار رۆژ لە چالاکیی بەردەوام بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پێشانگاکە بووەتە چەقی جووڵەیەکی گەورەی بازرگانی و ئابووری و ئامارەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکان تێپەڕیون، بە شێوەیەک کە تەنیا لە چوار رۆژ 27 هەزار و 460 کەس سەردانی پێشانگەیان کردووە و 684 گرێبەستی کڕین و فرۆشتن کراو و زیاتر لە 1,000 بازرگان و وەبەرهێنەری خاوەنکار ئامادە بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، ئەم پێشوازییە فراوانەی خولی ئەمساڵ، سەلمێنەری گەشەی بەردەوامی کەرتی وەبەرهێنان و ئەو متمانە بەهێزەیە کە لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە؛ هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، وەبەرهێنەران، سەردانیکاران و دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە بەشدار بوون لە سەرکەوتنی ئەم رووداوە ئابوورییەدا.
چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر کردەوە.
کارەکانی حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەچوو و نزیکەی 300 کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی لە 12وڵاتی جیاوازەوە بەشداربوون.