عه‌بادی 14 بڕیار له‌باره‌ی داواكاری خۆپیشانده‌رانى زيقار ده‌رده‌كات
زۆربه‌ی بڕیاره‌كانی عه‌بادی پێویستییان به بودجه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌رانی پارێزگای زیقار كۆبووه‌وه و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی عه‌بادی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سه‌رۆكی وه‌زیران 14 بڕیاری بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌رانی ئه‌و پارێزگایه ده‌ركردووه و له‌مانه‌ی خواره‌وه پێكهاتوون:-
1- ده‌رگاكانی دامه‌زراندن به‌ڕووی خه‌ڵكی زیقاردا ده‌كرێنه‌وه و وه‌زاره‌تی دارایی‌ش بودجه‌ی پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بۆ كه‌رته جیاوازه‌كان دابین ده‌كات.
2- پێدانی به‌شی پارێزگای زیقار له پترۆدۆلار.
3- پشكی پارێزگای زیقار له كاره‌با به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دابین ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی كاره‌باش به‌زووترین كات كار له‌سه‌ر دابینكردنی وێستگه‌ی گه‌ڕۆكی كاره‌با بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان بۆ ئه‌و پارێزگایه ده‌كات.
4- راسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ته‌رخانكردنی بڕی پێویستی بودجه بۆ ته‌واوكردنی پردی نه‌سر له‌سه‌ر رێگه‌ی ناسرییه - به‌غدا و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی فه‌جر - ئال به‌دیر و رێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ماوه - ناسرییه و وێڕای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی ناسرییه‌ی كۆنكریتی.
5- كاركردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی تایبه‌ت به پارێزگای زیقار و راسپاردنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و سه‌روه‌تی گشتی و تایبه‌تی.
6- ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی ئاوای پاك و چاره‌سه‌ركردنی كیشه هه‌نووكه‌ییه‌كان بكرێت.
7- وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و كانزاكان پلانی ته‌واو پێشكه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش بۆ دووباره به‌كارخستنه‌وه‌ی ئه‌و كارگانه‌ی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كه‌م و كوڕییه‌كانیان له شاری پیشه‌سازی ناسرییه راگیرابوون، كه به دووباره به‌كارخستنه‌وه‌یان به هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار ده‌ڕه‌خسێت و رێژه‌ی بێكاری كه‌م ده‌كاته‌وه.
8- دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ پرۆژه‌كانی تۆڕی ئاوی ئه‌و پارێزگایه.
9- دیاریكردنی بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كه‌رتی ته‌ندرووستی، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی داوده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی خێرا بۆ ته‌واوكردنی نه‌خۆشخانه‌ی توركی و حۆراء له ناوچه‌ی شه‌تره.
10- له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا پارێزگاری زیقار شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی ئه‌و پارێزگایه ده‌ستنیشان ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری وه‌زارییه‌وه بكات، كه له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ماهه‌نگیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارێزگاوه ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی به به‌رده‌وامی داواكارییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
11- پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی كه قه‌رزی جووتیارانی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی داهاتوو راگرتووه.
12- هه‌ڵگرتنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پرۆژه‌ی یاریگای ئۆلۆمپی له ناسرییه.
13- گرێنتی دابینكردنی پشكی زیقار له ئاوی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات.
14- ته‌رخانكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كانی درووستكردنی قوتابخانه له سنووری ئه‌و پارێزگایه.
ئه‌م بڕیارانه‌ی عه‌بادی دوای خۆپیشاندانی پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق هاتوون، كه ماوه‌ی 9 رۆژه خه‌ڵكی ئه‌و شارانه بۆ له دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری رۆژانه و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری شه‌قامیان هه‌ژاندووه.
H.B