نەتەنیاهو لەسەر دژایەتیکردنی ئێران پەیامێک دەداتە پوتین

دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین دێت

K24 - هه‌ولێر:

بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستەکانی دژی هەژموونی ئێران لە وڵاتی سووریا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، دووپاتی کردۆتەوە، وڵاتەکەی دژی دامەزراوەکانی ئێران لە سووریا بەردەوام دەبێت لە کاردانەوەکانی.

نەتەنیاهۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "من ئەمڕۆ لەگەڵ ڤلادمیر پوتین قسەم کردووە لەبارەی بارودۆخی سووریا. من گوتم کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی دامەزراوەکانی ئێران لە سووریا".

ئەم بڵاوکراوەیەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، لە دوای کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و پوتین، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەردوو سەرۆک رێککەوتوون، ئیسرائیل و ئێران لە سووریا رووبەڕوو نەبنەوە.

H.J