چه‌ند كه‌سێك لەسەر ھێرشەكەی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر ده‌ستگیركران

لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای دەكات، چه‌ند كه‌سێك لەسەر ھێرشەكەی باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر ده‌ستگیركراون.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، ئاشكرای كرد، بێجگە لەو مامۆستا ئاینییەی كە پێشتر دەستگیركراوە، چەند كەسێكی دیكە لەسەر رووداوەكەی نێو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دواتریش ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن رووداوەكە سیناریۆ بووبێت، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لەلایەن ئاسایشەوە ئەوە روونكراوەتەوە كە ئەو كەسانە خەڵكی ھەولێرن و كەسوكاریان دیارە، بۆیە رەتیكردەوە ئەوە سیناریۆ بووبێت، بەڵكو رایگەیاند، رووداوێكی تیرۆریستی بوو و مەبەست لێی گەیاندنی چەند پەیامێك بوو.

رۆژی 23/7/2018، سێ چەكدار ھێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر، ھێزە ئەمنییەكان توانیان ھەرسێ چەكدارەكە بكوژن كە دانیشتووی ھەولێربوون.

دوای رووداوەكە بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، كە ئەو چەكدارانە سەر بە مەلا ئیسماعیل سوسەیی بوونە كە چەند ھەفتەیەكە لەلایەن ئاسایشی ھەولێر دەستگیركراوە.

ھ.م