كۆمسیۆن وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان درێژ دەكاتەوە
ھەندێك لایەنی سیاسی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش نەكردووە
K24 - ھەولێر
كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی درێژ كردەوەو دوایین ئاگاداركردنەوەش دەداتە لایەنەكان.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی قەوارو لایەنە سیاسییەکان تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو درێژبکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا: "بەهۆی پێشکەش نەکردنی ناوەکان لەلایەن بەشێکی زۆر لەلایەنە سیاسییەکان وادەکە بۆ 29ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە".
شێروان زرار، گوتیشی: "ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەسەر داوای بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان، بەپێویستی زانی ماوەیەكی دیكە بدات بە لیست و قەوارە سیاسییەكان، دەبێ تا رۆژی یەكشەممەی داھاتوو 29/7/2018، ھەر لیست و قەوارەیەك تا وادەی دیاریكراو ناوی پاڵێوراوان پێشكەش بە كۆمسیۆن نەكات خۆی بەرپرسیار دەبێت و بێبەش دەبێ لە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان".
پێشتر كۆمسیۆن بڕیاریدابوو، ئەمڕۆ كۆتا رۆژی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان بێت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ھ.م