پارتی و یەكێتی داوایەك لە لایەنە ناڕازییەكان دەكەن
لایهنه ناڕازییهكان هاوپهیمانێتی لهگهڵ پارتی و یهكێتی رهتدهكهنهوه
K24 - ھەولێر
لە کۆبوونەوەی داھاتووی نێوان، پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە داوای کۆبوونەوە لەگەڵ لەلایەنە ناڕازییەکان دەکەنەوە، سەرکردەیەکی باڵای ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریش ئاشکرای دەکات، کە خودی سەرۆکی ھاوپەیمانیەتیەکە لەگەڵ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە، بە مەرجێك پارتی و یەکێتی ئەو ھەڵەیە راست بکەنەوە کە بەرامبەر لایەنە ناڕازییەکان کردوویانە.
ھەرچەندە لایەنە ناڕازییەکان چەند جارێك پارتی و یەکێتیان، لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بێئومێد کردووە، بەڵام ئەو دوو لایەنە سوورن لەسەر ئەوەی پێش چوونە بەغدا، لەگەڵ سەرجەم لایەنە ناڕازییەکان بە جیا کۆببنەوە.
خەسرۆ گۆران، ئەندامی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە دەرگامان واڵایە و بانگەشەی ئەوەمان كردووە ھەموو لایەنە كوردستانییەكان بە یەك تیم بچینە بەغدا و لەوێ بە یەك گرووپ كاربكەین".
ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، لایەنێکی دیاری ناو چوار لایەنە ناڕازییەکەیە، ئەوان لەگەڵ ئەوەن یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتیمانی دروست بکرێت، بە مەرجێك دەنگە دزراوەکانیان بدرێتەوە، دەشڵێن کۆنەبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە نییە.
لەوبارەوە سەمەد محەمەد، سەركردەی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت: "بابەتی یەكڕیزی نیشتمانی بابەتێكی گرنگە بەلای ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لە چەند كۆبوونەوەیەكی رابردوودا سەرۆكی ھاوپەیمانی جەختی لەوەكردەوە، كە پێویستمان بە دیالۆگی نیشتمانی ھەیە، بەڵام یەكڕیزی نیشتمانی بەمشێوەیە دروست نابێت تا ئەو ساختەكاریانەی كە ھەڵبژاردنی رابردوو كراوە راست نەكرێتەوە".
سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، ئەمجارەش بە فەرمی داوا لە لایەنە ناڕازییەکان دەکەنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵیان کۆببنەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت بە ھەر شێوەیەك بێت یەکڕیزی لە نێوان سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دروست بکرێت.
ھ.م