شاندێكى هه‌رێم بۆ كردنه‌وه‌ى رێگه‌ى هه‌ولێر كه‌ركووك سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات

بڕياره‌ ئه‌و شانده‌ له‌گه‌ڵ بەرپرسانی حكومه‌تى به‌غدا كۆببنه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

عەبدولخاڵق تەڵعەت، بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کردنەوەی رێگای نێوان هەولێر- کەرکووک سەردانی بەغدا دەکات.

بڕياره‌ ئه‌و شانده‌ له‌گه‌ڵ بەرپرسانی حكومه‌تى به‌غدا كۆببنه‌وه‌ و پرسى كردنه‌وه‌ى رێگاى هه‌ولێر كه‌ركووك تاوتوێ بكه‌ن.

عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت گوتیشی: ئومێدەوارین بتوانین لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر کردنەوەی ئەو رێگایە رێکبکەوین.

ئاماژەی بەوەشدا، پرسە ته‌كنيكييه‌كانى کردنەوەی رێگاکە کۆتاییانهاتووە و لەبارەی پرسە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی گفتوگۆ دەکەین.

بۆ هۆى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، رێگه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ولێر كه‌ركووك داخرا و له‌ شاره‌دێى پردێ پردى سه‌ره‌كى رێگاكه‌ ته‌قێندرايه‌وه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ ماوه‌ى نزيكه‌ى ساڵێكه‌ رێگه‌كان له‌ كار كه‌وتووه‌ و هاووڵاتيان ناچارن رێگه‌ى ديكه‌ى وه‌ك رێگه‌ى ته‌قته‌ق و ديبه‌گه‌ بۆ هاتوچۆى كه‌ركووك به‌كارهێنن.