نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی پرسیاری ھاووڵاتییەك دڵنیایی دەدات
ھاووڵاتیان پرسیار لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن و وەڵامیان دەداتەوە
K24 - ھەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وەڵامی پرسیاری ھاووڵاتییان دەداتەوە، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی دھۆك بەناوی زیرەك، لە سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەپرسێت، ئەو پەرلەمانتارانەی بە دەنگی ئێمە دەچنە پەرلەمانی عێراق لەوێ چی بۆ ئێمە دەكەن، ھیوادارین دەنگەكانمان بە فیڕۆ نەچن، پلانی تۆ چییە؟
لە وەڵامی ئەو ھاووڵاتییەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "ھەقی ئێوەیە و راستە، پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی كورد كە دەچنە بەغدا یەك شت بزانن، ئەویش ئەوەیە كە چوونی ئەوان بۆ بەغدا بۆ بەرگری كردن بێت لە مافی ئێوەی ھاووڵاتی و دەسكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بەرگری لەو دەسكەوتانە بكەن كە لە دەستووری عێراق نووسراون".
نێچیرڤان بارزانی، دەشڵێت: "پلانی ئێمە دوو شتی گرنگن، یەكەم بە جیدی ھەوڵدەدەین یەكگرتووی كوردان بپارێزین، لای ئێمە پاراستنی یەكگرتووی كورد بابەتیكی زۆر گرنگە. دووەم وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھەموومان پێكەوە دەبێ بەرگری لە دەسكەوت و مافەكانی ھاووڵاتیانی كوردستان بكەن، دڵنیام ئەوە دەكرێت و دڵنیاشتان دەكەمەوە كە دەنگەكانی ئێوە بە فیڕۆ ناچن".
ھ.م