گرەو لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكرێت

"پۆستی پارێزگاری مافی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و نەتەوەیی كوردە"

K24 - كەركووك

لە غیابی کورد، پۆستی پارێزگاری كەركووك نەتەوەکانی دیکەشی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، جگە لەوەی لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە، ئەو پۆستە عەرەبەکان دەستیان بەسەریدا گرتووە، ئێستا تورکمانەکانیش داوای ئەو پۆستە دەکەن و بە شایستەی خۆیانی دەزانن، لە بەرامبەردا کورد رەتیدەکاتەوە، ئەو پۆستە بە تورکمان بدرێت و عەرەبەکانیش کە ئێستا خۆیان ئەو پۆستە بەڕێوەدەبەن دەڵێن، تاکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکرێت، ئەو پۆستە بۆ هیچ نەتەوەیەك یەکلایی ناکرێتەوە.

لەوبارەوە عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "بە ھیچ شێوەیەك بە داواكاری توركمانەكان رازی نابین، ھەموو پۆستەكانی كەركووك پەیوەستن بە ھەڵبژاردنەوە، پۆستی پارێزگاری مافی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و نەتەوەیی كوردە".

لە بەرامبەردا حاتەم تائی، وتەبێژی گردبوونەوەی عەرەبی لەکەرکووك دەڵێت: "پۆسته‌كه‌ ئێستا مافێكی یاساییه‌ نه‌ك مافێكی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ بۆ پارێزگاری كۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ وه‌كاله‌ت كاره‌كان رایی ده‌كات، واته‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی پارێزگار نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێمان وانییه‌ ئه‌و پۆسته‌ ئێستا مافی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بێت، چاوه‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌كه‌ین، كه‌ زۆر نزیكبووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وەیش پارێزگاری نوێی شاره‌كه‌ دیارده‌كات، له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بێت، ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاری داهاتووی كه‌ركووك بۆ هه‌موو كه‌ركووییه‌كان بێت".

ھ.م