35 ساڵە زامی ئەنفالی بارزانییەكان خوێنی لێدەچۆڕێ

ئەنفالی بارزانییەکان بە سەرەتای دەستپێکردنی شاڵاوی ئەنفالی خەڵکی کوردستان دادەندرێت

K24 - ھەولێر

بەر لە 35 ساڵ و لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983، حکوومەتی بەعس لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا ھەشت ھەزار بارزانی بێسەروشوێن کردن، ئەم مێژووە بە یەکەم پرۆسەی ئەنفالکردنی کورد دادەنرێت، کە بەدوایدا قۆناخەکانی ئەنفال دەستپێكردو نزیکەی 182 هەزار کەسی كورد لە باشووری كوردستان ئەنفال کران.

ھاشم حەسەن، یەكێكە لەو كەسانەی كەسوكاری لەلایەن رژێمی بەعس ئەنفالكراوە، ئەو ئێستا پێشمەرگەیە و بەرگری لە نیشتمان و دەستكەوتەكانی كوردستان دەكات، كە كەسوكاری ئەو و ھەزاران كوردی دیكە گیانیان لەپێناودا بەختكرد. كاتی ھاتنەوەی لە دەوام، یەكەم كاری ھاشم ئەوەیە دایكی دەباتە سەر گۆڕستانی ئەنفالە بارزانییەكان. ئەو دەڵێت: "كاتی دەواممان دیار نییە، ھەندێك جار بە مانگ لە دەوام دەبین، ئەگەر بارودۆخی كوردستان ئاسایی بێت 10 رۆژ لە دەوام دەبم و 20 رۆژ لە ماڵ دەبم، كە ھاتمەوە ماڵ یەكەم شت سەردانی دایكم دەكەم و دەچینە سەر گۆڕی ئەنفالكراوەكان".

بارزانییەكان، پێش ئەوەی بەر شاڵاوی ئەنفال بكەون، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون، دواتر لە ساڵی 1980 ھێنراونەتەوە كوردستان و بەشێكیان لە ئۆردوگای قوشتەپە نیشتەجێكران، پێشتریش ژمارەیەكی دیكەیان لە ناوچەكانی خۆیان راگوێزرابوون و لە ئۆردوگاكانی دیانا و ھەریر و بەحركە نیشتەجێكراون.

ستی عیسا، زۆربەی كەسوكاری لە ئەنفالی بارزانییەكان بێسەرو شوێن كراون، سەرەڕای خەفەتباربوونی لەو یادەدا دەخوازێت كورد یەكگرتووبن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و دووبارە نەبوونەوەی كارەساتی لەو شێوەیە لە كوردستان. ئەو گوتی: "ئومێد دەكەین ھیچ شەڕ و لێكترازانی دیكە لە كوردستان روونەدات، دەبێ ھەموو كورد یەكگرتووبین، بۆ ئەوەی میللەتی كورد سەرفراز و سەركەوتووبێت".