پێشبینی بۆ ژماره‌ی كورسی لایەنەكان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەخرێنەڕوو

"گۆڕان لە پێش یەكێتی دەبێت و پارتی بە یەكەم دەمێنێتەوە"

K24 - ھەولێر

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، به‌شی زۆری ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌واو كردووه‌ و ناوی كاندیده‌كانیشی ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردوون، لایه‌نه‌كانیش پێشبینی خۆیان بۆ ژماره‌ی كورسییه‌كانیان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەخەنەڕوو.

ژیار دزەیی، بەرپرسی تۆماری قەوارەكان لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی یاسا دەبێ كاندید 24 ساڵی تەواوكردبێت، چەند كاندیدێك لەناو لیستی لایەنەكان ھەن كە تەمەنیان لە 24 ساڵ كەمترە، لە ماوەیەكی كەمدا دەگۆڕدرێن".

لایەنە كوردستانیەكانیش پێشبینی خۆیان بۆ ژمارەی کورسییەكان دەخەنەڕوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 100 کاندیدی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاركردووە و پێشبینی دەكات، زیاتر لە 42 کورسی بە دەست بێنێ.

کاوە گەردی، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "پارتی لەم چەند ساڵەدا خاوەنی چەندین سەروەرییە لەوانە شەڕی داعش و ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەرگریكردن لە مانەوەی ھەرێمی كوردستان، زیاتر بە ئیش و كاری پارتی دەزانین، بۆیە پێشبینی دەكەین، لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 42 كورسی بە دەست بێنین".

بزووتنەوەی گۆڕانیش پێشبینی دەكات، ژمارەی كورسییەكان زیاد بكات و بگاتە 30 كورسی. کارزان گەردی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە هەولێر دەڵێت: "بەپێی لێكدانەوەكانمان بە بەراورد بە ھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان دەنگەكانمان زیاد دەكات، پێشبینی دەكەین زیاتر لە 30 كورسی بێنین".

 یەکێتی نیشتمانی كوردستان، 100 کاندیدی هەیە و بەپێی پێشبینیەکانی ئەو حزبە 25 کورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێ.

لەوبارەوە هەژار محەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە هەولێر گوتی: "لەو بڕوایەداین لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان 25 كورسی بە دەست بێنین. بەرنامەی تۆكمەمان داناوە و خەریكی گۆڕانكارین لە ئۆرگانەكانی حزب، بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو زووڵمە بكەینەوە كە لە ھەڵبژاردنی رابردوو لە یەكێتی كراوە".

لیستی "بەرەو ئیسڵاح" کە لە بزووتنەوەو یەکگرتووی ئیسلامی و کەسایەتی ئیسلامی محەمەد بازیانی، پێکهاتووە پێشبینی سەروی 11 کورسی دەکەن  لە پلەی چوارەمى لایەنەکان دەبێت.

نەوزاد خدر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێ: "بەپێی ئەو بۆچوونانەی كە لەنێوخۆماندا لە شاروشارۆچكەكان وەرمان گرتوون، لەو بڕوایەداین زیاتر لە 11 كورسی بە دەست بێنین".

ھ.م