بەهۆی قەدەخەکردنی سناپچات لە کەپڵەکەی زیندانی کرا

"نابێت پێنج ساڵیش لە کچەکە نزیک ببێتەوە"

K24- هه‌ولێر:

پیاوێک بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپچات لە کچە هاوڕێکەی قەدەخە دەکات و بەهۆیەوە زیندانی دەکرێت.

ماتیۆی تەمەن 24 ساڵ رێگە بە مۆلی کچە هاوڕێی نادات سناپچات بەکاربهێنێت تاکو لەگەڵ کوڕی دیکە نەکەوێتە قسە، هەروەها رێگەی نەداوە کچەکە هەندێک ئاماژە و ئیمۆجی لە پۆستەکانی بەکاربهێنێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی تێلیگراف، مۆلی 19 ساڵ ژیانی تەواو سنووردارکرابوو چونکە کوڕە هاورێکەی بەردەوام ناچاری دەکرد وێنەی بۆبگرێت تاکو بزانێت لە کوێیە، چی دەکات و چی لەبەر دەکات.

هەرکاتێکیش کچەکە وەڵامی پەیوەندییەکانی کوڕەکەی نەدابێتەوە، ئەوا راستەوخۆ مۆلی بە خیانەت و بەدڕەوشتی تۆمەتبار دەکرا.

تەنانەت کار گەشتە هەڕەشەکردن، کوڕە هەڕەشەی کوشتنی و لێدانی لە کچە کردبوو ئەگەر بە قسەی نەکات.

مۆلی، دۆسییەکەی دەباتە دادگا. دادگاش بە تۆمەتی تێکدانی باری دەروونی کچەکە، سزای بەسەر کوڕەکەدا سەپاند.

دادگای شاری بۆڵتن لە بەریتانیا، بڕیاریدا، شەش مانگ ماتیۆ زیندانی بکات، رێگەشی نەدات بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە کچەکە نزیکبکەوێتەوە، هەروەها بڕی 700 پاوەندیش دەبێت بداتە کچەکە.

 H.J