رۆژنامه‌ى وشه: دژه تيرۆرى يه‌كێتى و هادى عامرى نه‌وتى كه‌ركووك تاڵان ده‌كه‌ن
لاهور جه‌نگى و هادى عامرى خه‌ريكى تاڵانكردنى نه‌وتى كه‌ركووكن و به تانكه‌ر ده‌يفرۆشن به ئێران
K24 – هه‌ولێر:
دژە تیرۆری یەکێتی نيشتيمانى كوردستان و میلیشیاكانی به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، نه‌وتی كه‌ركووك به قاچاخ ده‌به‌ن و ره‌وانه‌ی ئێرانی ده‌كه‌ن.
هه‌فتانامه‌ی (وشه) له راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانيدا، به وردی پرۆسه‌ی به قاچاغ بردنی نه‌وتی كه‌ركووكی له لایه‌ن لاهوور جه‌نگی و هادی عامری ئاشكراكردووه، كه چۆن رۆژانه 600 تانكه‌ر نه‌وت ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كه‌ن، كه داهاتی ساڵانه‌ى ئه‌و پرۆسه‌ی به قاچاخ بردنه ده‌گاته یەک ملیار و 60 ملیۆن دۆلار.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی (وشه)، دژە تیرۆری یەکێتی لە گوندی(شیرناو)ی سەر بەشارۆچکەی دووبز، بۆڕییەکی نەوتی کێڵگەی نەوتی"بای حەسەن"یان لێداوه و رۆژانە 60 تانکەری نەوت دەبەن وئاودیوی ئێرانی دەکەن.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، بە بەردەوامی چوارھەمەری پڕچەکداری دژەتیرۆری یەکێتی لەوشوێنە جێگیر كراون، کە بۆڕییەکەی لێدراوه و پاسەوانی دەکەن.
ئەبو ھاجەر فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەکەرکووک به رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، بردنی نەوتی کەرکووک بەقاچاخ، ھەڵمەتێکی چڕه و بەرنامە بۆ داڕێژراوە و ھادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و لاھوور جەنگی خۆیان بەوردی سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن.
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی وردەکاری زیاتری خستە ڕوو بەوەی، "دژەتیرۆری یەکێتی چاودێری تەواوی پرۆسەی دەرھێنان و پڕکردنی تانکەرەکان و بردنیان بۆ خانەقین دەکات و ڕێ بەھیچ کەسێک نادرێ دەستوەربداتە کارەکانیان".
بەگوتەی سەرکردەکەی حەشد, تەنیا لەگوندی شیرناو نەوت به قاچاخ نابردرێت، بەڵکو لە گوندەکانی "مامە و عەلەغێر و تەقتەق و ئەبوخەرجە"یش بەفرەوانی نەوت به‌قاچاخ ده‌بردرێت و گوتیشی: "کۆی گشتی رۆژانە 500 تا 600 تانکەر نەوتیان دەستدەکەوێ ودەیفرۆشنە ئێران و پارەکەیشی لەنێوان خۆیاندا دابەشدەکەن".
بەگوێرەی خەمڵاندنێک بۆ بردنی نەوتی کەرکووک لەلایەن دژەتیرۆری یەکێتی و میلیشیاکانی بەدرەوە، ئەگەر 600 تانکەر نەوتی ببردرێت و ھەر تانکەری 36 ھەزار لیتر نەوتی تێبکرێ، رۆژانە دەکاتە 21 ملیۆن لیتر، بەو پێیەی ھەر بەرمیلێک نەوتیش 220 لیتردەگرێ، 21 ملیۆن لیتر دابەشی سەر220 بکەین، دەکاتە 98ھەزار و 181 بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بەگوتەی پسپۆڕانی ژمێریاری، لەو کاتەدا دەبێت ھەربەرمیلێکی نەوت بەشێوەی خەمڵاندن بۆ پرۆسە قاچاغییەکەی، بە 30 دۆلار بفرۆشرێتەوە، ئەوا رۆژانە بڕی دوو ملیۆن و945 ھەزار و 454 دۆلاریان دەستدەکەوێت، ئەم داھاتە بۆ مانگێک دەکاتە 88 ملیۆن و 363 ھەزار و 636 دۆلار و ساڵانەش دەکاتە یەک ملیار و 60 ملیۆن دۆلار.
له‌باره‌ی به قاچاخبردنی نه‌وتی كه‌ركووك، ڕاکان سەعید پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك رایگه‌یاندووه، منیان ئاگادار کردووەتەوە، کە ھیچ دەسەڵاتێکم بەسەر پرسی نەوتی كه‌ركووكه‌وه نەبێ، بۆیە ئاگادارنیم، بەڵام رەتینەکردووه‌ته‌وه کە قاچاخچێتی نەوت لە سنووری پارێزگای كه‌ركووك هه‌یه.
هه‌ر لای خۆیەوە ئەبوھاجەری فەرماندەکەی حەشدی شەعبی قسه‌كانی راكان سه‌عید پشتڕاست ده‌كاته‌وه ده‌ڵێ بەھیچ شێوەیەک پارێزگاری کەرکووک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە پڕۆسه‌ی بردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران بکات.
سەرچاوەیەکیش لە کەرکووک، به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگەیاند، لاھوور جەنگی و ھادی عامری نزیکەی ساڵێکە خەریکی ئەم پرۆسەیه‌ن، بەڵام ئێستە ترسیان ھەیە کۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانیا بریتش پترۆلیۆم بەکارەکەیان بزانێ، چونکە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی بۆ تەواوی نەوتی کەرکووک لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بەریتانییە کردووە، بەڵام کۆمپانیاکە تائێستا بەفەرمی لەناوچە نەوتییەکانی کەرکووک دەستبەکارنەبووە، چونکە ھەرێمی کوردستانیش گرێبەستی لەگەڵ رۆسنەفت کردووە بۆ ھەمان مەبەست، تا دۆخەکەش یه‌کلانەبێتەوە، کەسیان ناتوانن بەفەرمی تەواوی نەوتی کەرکووک بخەنەژێر ڕکێفی خۆیان، بەڵام ھەردوولایش دەتوانن رێ لەوەبەرھێنان و دەرھێنانی نەوتی کەرکووک بگرن.
فه‌رمانده‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه كه هێزی دژە تیرۆری یەکێتی و ھێزەکانی ھادی عامری، بیریان لەوە کردووەتەوە ئەگەر لە شیرناو و گوندەکانیتریش ئاشکرابن و رێ‌یان لێبگیرێ، ئه‌وان روو له گونده‌كانی (قەڵاھەربەت و قوشقایە و قوتانی عومەربەگ) ده‌كه‌ن و دوو گوندی یه‌كه‌میان كوردنشینه و خه‌ریكه چۆڵ ده‌كرێن و ئه‌ویدیكه‌شیان توركمانی تێدا ده‌ژی و ره‌تیانكردووه‌ته‌وه چۆڵ بكرێن، تاوه‌كو نه‌وتی گونده‌كه‌یان به قاچاخ ببرێت.
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه فوئاد حوسێن سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، به رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵات و ئیدارەی کەرکووک ھیچ چاودێریی بەسەرەوە نییە و كه‌س ئاگاداری پڕۆسه‌ی بردن و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك نییه.